ئۆزێل دەبێتە یاریزانی فێنارباخچە؟ سەرۆکی یانەکە وەڵامدەداتەوە

12-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێنارباخچە مەسعود ئۆزێل
A+ A-

رووداو دیجیتال

عەلی کوچ، سەرۆکی یانەی فێنارباخچەی تورکی، رەتیدەکاتەوە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ رێککەوتنێک لەنێوان یانەکەی و مەسعود ئۆزێلی یاریزانی یانەی ئارسیناڵدا هەبێت و دەڵێت "دەبێ چاوەڕوان بین".

ماوەی چەند رۆژێکە دەزگاکانی راگەیاندن باس لە رۆیشتنی مەسعود ئۆزێل بۆ ریزەکانی یانەی فێنارباخچەی تورکی دەکەن، بەڵام وەک سەرۆکی ئەو یانە تورکییە باسی دەکات، هێشتا خەونەکەیان نەهاتووەتەدی و دەیانەوێت ئۆزێل پەیوەندی بە ریزەکانی اینەکەیانەوە بکات.

عەلی کوچ، سەرۆکی یانەی فێنارباخچە، بە رۆژناماڤانانی گوت "رێگەم پێبدەن لێدوانێک لەبارەی مەسعود ئۆزێلەوە بدەم، هێشتا دەڵێم ئەوە خەونە، وەک دەزانن یانەی فێنارباخچە هێشتا هیچ بڵاوکراوەیەکی فەرمی لەو بارەیەوە دەرنەکردووە". 

کوچ زیاتر گوتی "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە مەسعود ئۆزێل مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانە دەکات کە بە هەڵپسێردراوی لەگەڵ ئارسیناڵ ماونەتەوە".

سەرۆکی یانەی فێنارباخچە، دانی بەوەدا نا کە ئەوان دەیانەوێت ئۆزێل بگوازنەوە، بەڵام هێشتا هیچ رێکارێک لەو پێناوەدا نەکراوە و گوتی "ئەوەی لە تواناماندایە بڵێین تەنیا ئەوەیە کە پرسی گواستنەوەی ئۆزێل بۆ یانەکەمان ئێستا نزیکترە لە ماوەکانی پێشوو، بەڵام هێشتا هیچ رێکارێک نەکراوە، لەوانەیە رێکارەکان بکرێن و ئۆزێل ببێتە یاریزانی فێنارباخچە، لەوانەشە نەبێت".

عەلی کوچ، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتیشی "ئەو چیرۆکانەی دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویان دەکەنەوە هەڵوێستمان زەحمەتتر دەکەن. با چاوەڕێ بین و بزانین لە رۆژانی داهاتوودا چی روودەدات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە