لوئەی سەڵاح: كۆمەڵەی هەڵبژاردەی عێراق ئاسانە




رووداو - هەولێر

لوئەی سەڵاح یاریزانی یانەی هەولێر و پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند، كۆمەڵەی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا ئاسانە و تیپەكە دەتوانێت بگاتە قۆناخی داهاتوو.

لوئەی سەڵاح لە میانەی بەشداریكردنی لە پانۆرامای هەواڵە وەرزشییەكانی ئەمڕۆ تۆڕی میدیایی رووداودا، گوتی: "پێموایە كۆمەڵەی عێراق لە جامی نەتەوەكانی ئاسیا ئاسانە و تیپەكە دەتوانێت بەربەرستی هەڵبژاردەكانی ئوردن و فەڵەستین ببڕێت و وردە وردە ئاستی خۆی بەرزبكاتەوە و دواتریش بیر لە قۆناخەكانی دواتر بكاتەوە.

لوئەی ئاماژەی بەوەدا بەدەستهێنانی نازناوی ئاسیا لەلایەن عێراقەوە كارێكی زۆر سەختە، چونكە پێی وایە ئامادەكارییەكانی تیپەكە كورت و درەنگ بوو، هەروەها راهێنەریش درەنگ دەستبەكاربوو.

یاریزانەكەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند پێكهاتەی عێراق نوێ نییە و یاریزانەكان دەمێكە بەیەكەوە یاریی دەكەن و هەریەكەیان ژمارەیەك یاریی نێودەوڵەتییان هەیە، بەڵام یاریی بەهێزیان نەكردووە و یاریزانە پیشەگەرەكانیش لە خولی لاوازدا یاریی دەكەن، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی گەورەیان لێناكرێت.

لوئەی كە چەند وەرزێكە بۆ هەولێر یاریی دەكات، سەبارەت بە نەبوونی یاریزانی كورد لە پێكهاتەی عێراقدا، پێیوایە بانگهێشتكردنی یاریزانان بۆ پێكهاتەی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیی نییە هەروەك لە پێكهێنانی حكوومەتدا رەچاودەكرێت، بەڵام لەسەر بنەمای خۆدەرخست و ئاستی یاریزانانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: پێموایە یاریزانی كوردی زۆر باشە هەن لە كوردستان و دەتوانن نیوەی پێكهاتەی هەڵبژاردەی عێراق پێك بهێنن.

گوتیشی: "یاریزانانی كوردستان ئاسۆی بیركردنەوەیان فراوان نییە و تەنیا لەسەر ئاستی كوردستانە و بیر لە هەڵبژاردەی عێراق و ئاستی نێودەوڵەتی ناكەنەوە.