کورسییەکانی کامپ نوی نوێ بۆ فرۆشتنن

11-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کامپ نو یانەی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی هەوڵدەدات کورسییەکانی ڤی ئای پی لە یاریگەی نوێی کامپ نو بۆ ماوەی 20 ساڵ بفرۆشێت، ئەمەش لەپێناو چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکانی یانەکە.
 
یانەکە کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پارە، لەپێناو تۆمارکردنی دانی ئۆڵمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لیستی یانەکە بۆ نیوەی دووەمی وەرزی ئەمساڵ.
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا دیار نییە بارسا بەوکارە چەندە پارەی دەستدەکەوێت، بەڵام سەرچاوەکان پێشبینیدەکەن لە نێوان 100 تاوەکو 200 ملیۆن یۆرۆ بچێتە خەزێنەی یانەکە، ئەگەر کورسییەکانی ڤی ئای پی بۆ ماوەی 20 ساڵی داهاتوو بفرۆشێت و بەوەش بنمیچی رێگەپێدراوی مووچەی یاریزانانی یانەکە زیاد دەکات و دەتوانێت هەردوو یاریزانەکە لە لیستەکەیدا تۆمار بکات.
 
بارسا لە هەنگاوی فرۆشتنی کورسییەکانی کامپ نودا، ژمارەیەک کورسیی ڤی ئای پی، لە یاریگەکەی بەشێوەی فرۆشتنی وەرزی بۆ ماوەی 20 ساڵ دەداتە کۆمپانیایەک بەرامبەر بڕێک پارەی دیاریکراو و ئەو کۆمپانیایە دەتوانێت خۆی کورسییەکان جارێکی دیکە بەکرێ بداتەوە.
 
بارسا لە ماوەی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نایکی بۆ سپۆنسەریکردنی درێسی یانەکە نوێکردەوە کە بۆ ماوەی 14 ساڵە و لە کۆی ئەو ماوەیەدا، بارسا 1.7 ملیار یۆرۆ وەردەگرێت و یانەکە پێیوایە بەبەکرێدانی کورسییەکان، کێشە داراییەکانی هەنگاوێکی دیکە لە چارەسەرکردنی یەکجاری نزیکدەبنەوە.
 
بۆ فرۆشتنی کورسییەکانی ڤی ئای پی، بارسێلۆنا دەبێت رەزامەندی لالیگا وەربگرێت و ئەوەش تاکە رێگەی بەردەستە بۆ ئەنجامدانی کارەکە.
 
هەندێک سەرچاوە لە یانەکە بە رۆژنامەی 'زا ئەتلەتیک'یان راگەیاندووە، رێکەوتنەکەی بارسا لەگەڵ کۆمپانیای نایکی، دەستەبەری ئەوە ناکات یانەکە ئۆڵمۆ و ڤیکتۆر تۆمار بکات، هەر بۆیە یانەکە ناچارانە بیر لەو هەنگاوە دەکاتەوە.
 
بارسا لەسەرەتای وەرزەوە کێشەی لە تۆمارکردنی ژمارەیەک یاریزانی لە لیستەکەیدا هەبوو بەهۆی بنمیچی مووچەوە، بەڵام بەهۆی پێکرانی درێژی هەندێک یاریزانەوە، کێشەکە بەشێوەیەکی کاتیی چارەسەربوو.
 
یاساکانی لالیگا رێگە بەیانەکان دەدات یاریزانی نوێ تۆماربکەن لە لیستەکەیاندا ئەگەر یاریزانێکیان بۆ ماوەی چوار مانگ یان زیاتر لە یاریگەکان بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتنەوە. بارسا سوودی لە پێکرانی درێژی هەریەکە لە رۆناڵد ئاراوخۆ، ئاندریاس کریستنسن و دواتریش مارک ئاندرێ تێرشتیگن وەرگرت.
 
پێکرانی ئاراوخۆ، رێگەی بۆ تۆمارکردنی ئینیگۆ مارتینێز کردەوە، لە کاتێکدا بۆشایی پێکرانی کریستنسن، رێگەیدا بۆ تەنیا نیو وەرز دانی ئۆڵمۆ تۆمار بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە