ڤیدیۆ؛ فیراس خەتیب روونکردنەوە سەبارەت بە وێنەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
فیراس خەتیب و بەشار ئەسەد
فیراس خەتیب و بەشار ئەسەد
نیشانەکردن فیراس خەتیب بەشار ئەسەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فیراس خەتیب، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی سووریا، روونکردنەوە لەسەر وێنەیەکی دەدات، کە پێشتر لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا گرتوویەتی و دەڵێت "من دژی ئەسەد بووم، بەڵام ناچاریان کردین بچینە لای ئەو، بۆ ئەوەی وێنەمان بگرن وا نیشانی خەڵکی بدەن کە ئێمە نزیکین لە دەستەڵات".
 
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە دوێنێوە سۆشیال میدیای تەنیوە، فیراس خەتیب، روونکردنەوە دەدات و دەڵێت "من لە سووریا بووم، ئێمەیان بردە نێو پاس، بۆ کۆشکی کۆماری و لەوێ لەگەڵمان کۆبوونەوە. چووینە لای بەشار ئەسەد، و لەگەڵیدا کۆبووینەوە، ئەو کۆبوونەوەیە تەنیا لەبەر من و سۆمە بوو. بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە بگرن و بڵێن ئێمە کاری باش و ئاشتەوایی دەکەین، فیراس و سۆمە نزیکن لە رژێم". 
 
ئەو یاریزانە بەنێوبانگەی سووریا، کە پێشتر یاری بۆ یانەی زاخۆ کردووە و ماوەیەکیش راهێنەری ئەوە یانە کوردستانییە بووە، زیاتر دەڵێت "هەمووان فیراس دەناسن، رژێم دەیزانی  من دژیانم. من ئەو وێنەیەم هەرگیز بڵاونەکردووەتەوە، نە لە ئینستاگرام، نە لە فەیسبووک و نە لە هیچ ئەکاونتێکی سۆشیال میدیا، چونکە هەرگیز شانازی پێوە ناکەم، بەڵکو خراپترین شت بوو بەسەرمن هات لە ژیانم دا. من شانازی پێوە ناکەم، بەڵام ناچاربووم، ناتوانم بڵێم نا، کەس ناتوانێت". 
 
ئەو دەشڵێت "گلەیی لە هیچ سوورییەک نەکەن. هیچ کەس لەنێو سووریا ناتوانێت قسە بکات، بەڵام یەکێک لە دەرەوەی سووریا بێت سرووستییە بەدڵی خۆی قسە بکات".
 
فیراس لە بەشێکی روونکردنەوەکەیدا، باسی دایک و باوکی دەکات و دووپات لەوە دەکاتەوە کە تەنیا لەبەر ئەوان سەردانی سووریای دەکرد و دەڵێت "من گەڕامەوە بۆ ئەوەی دایک و باوکم ببینم. دایکم دووجار یان سێجار بینی، دوایین جار چوومە لای و دوای هەفتەیەک کۆچی دواییکرد. باوکیشم دوای چەند ساڵێک، واتا دایکم لە 2017 مرد و باوکیشم دوو سێجار سەردانم کرد، دوای ئەوەی لە 2020 کۆچی دواییکرد، هەرگیز نەگەڕامەوە سووریا، ئیدی هیچ پەیوەندیم بە سووریاوە نەما".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە