نیوەی کارگێڕیی یانەی هەولێر قسە لەگەڵ شێرکۆ کەریم ناکەن

11-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن شێرکۆ کەریم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر سەرەڕای ئەوەی دەستەی راهێنەرایەتیی یانەکە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، بەڵام لە بارودۆخێکی خراپدایە و یاریزانەکانی ئامادەنین بۆ یاریی بەرامبەر یانەی مینا بچنە بەسرە.
 
هێمن هەولێری، ئەندامی پێشووی راگەیاندنی یانەی هەولێر میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی " یاریزانەکانی یانەی هەولێر بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیانەوە ئامادەنین بۆ یاریی بەرامبەر مینا بچنە بەسرە، کە رۆژی پێنجشەممە یارییەکەیان لە رکابەرییەکانی گەڕی 9ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت."
 
ئەو ئەندامەی پێشووی راگەیاندنی یانەی هەولێر زیاتر گوتی "کارگێڕیی یانەکە هەمووان لەسەر ئاستی تاک دڵسوزی یانەکەن، بەڵام وەکو تیم نەیانتوانیووە لە بەڕێوەبردنی یانەکەدا سەرکەوتوو بن و ناکۆکییەکی زۆر لەنێوانیاندا هەیە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە هەبووە."
 
هێمن هەولێری لە دۆخی یانەکەی نیگەرانە و دەڵێت "گواردیۆلاش بێنن ناتوانن ئەم دۆخە خراپەی یانەی هەولێر راستبکەنەوە، لەکاتێکدا نیوەی کارگێڕیی یانەکە قسەیان لەگەڵ کاپتنی یانەکە نییە."
 
لەبارەی ئەگەری دەستلەکارکێشانەوەی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر، ئەندامی پێشووی راگەیاندنی یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "دوێنێ دوو بۆ سێ ئەندامی کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ ئەوەدابوون کە دەستلەکاربکێشنەوە و دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی یانەکە دابنرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هەمووان بەیەکەوە ئەو رایەیان نییە و پێشبینی دەکەم حکومەت بێتە سەرهێڵ و بڕیار لەبارەی داهاتووی یانەکەوە بدات."
 
هێمن هەولێر رەخنە لە شێوازی دروستکردنی تیپەکەی دەگرێت و دەڵێت "دروستکردنی تیپ لە هەموو شتێک گرنگترە، کێشەی خولی عێراقی راهێنەرە، هەموو راهێنەرێک ناتوانێت تیپێکی باش دروستبکات، وەرزی رابردوو عەباس عوبێد هاتە سەر تیپێکی ئامادە، لەکاتێکدا دەبێت راهێنەر پلان و ئامانجی خۆی دیاری بکات، دوای ئەوەش کار بۆ ئامانجەکانی بکات، بەڵام لەم وەرزەدا ئەوە لە هەولێر نەبوو و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تیپەکە دروستکرا."
 
هەولێر زیاتر لەوبارەیەوە دەڵێت "یانە گەورەکان لە هەموو وەرزشێکدا لیژنەی هونەری هەیە، لە یانەی هەولێر ئەوە نەبوو، لیژنەی هونەری نییە بۆ هەڵسەنگاندن بۆ دەستبەرداربوون لە یاریزان، لەکاتێکدا وەرزی رابردوو کاتێک گەیشتینە یاریی کۆتایی جامی عێراق تیپەکەمان زۆرباش بوو، نەدەکرا ئەم تیپە بەتەواوی تێکبدرێت، خۆم کە تاوەکو دوو رۆژ لەمەوبەر لە یانەکە بووم لەگەڵ هەموو بەرپرسانی یانەکە بەرپرسین لەم دۆخەی یانەکە ."
 
یانەی هەولێر لە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، دوای ئەنجامدانی 8 یاری تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و 5 یاریی دۆڕاندووە، هاندەرانی یانەکە بەتەواوی لە خراپیی ئەنجامەکانی یانەکەیان نیگەرانن و بەشی زۆریان داوا دەستلەکارکێشانەوەی کارگێڕیی یانەکە دەکەن.
 
شەوی یەکشەممە عەباس عوبێد، راهێنەری یانەی هەولێر لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی لە کارەکەی راگەیاند، بەر لەویش سەردار محەممەد، راهێنەری توانای جەستەیی وازهێنانی لە کارەکەی راگەیاند.
 
عەباس عوبێد لە فەیسبووک لەبارەی وازهێنانەکەی نووسیوویەتی "بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی و نەدانی شایستە داراییەکانی یاریزانانەوە واز لە کارەکەی دەهێنێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە