جاران هەمووان لە بارسا دەترسان و ئێستا بارسا لە هەمووان

 
رووداو دیجیتاڵ

جاران کاتێک بە تیپێکیان گوتبا بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی دەکەن، هەموو بیرکردنەوەی ئەو یانەیە لای ئەوە دەبوو زۆر گۆڵی لێنەکرێت و بە ئەنجامێکی گەورە نەدۆڕێت، بەڵام ئێستا ئەوە تەواو پێچەوانە بووەتەوە، ئەوەی بەرامبەر بلاوگرانا یاریی دەکات نەک بیر لە دۆڕان ناکاتەوە، بۆ بردنەوە یاریی دەکات، گرنگ نییە لە یاریگەی خۆی بێت یان لە دەرەوە، خیرۆنا دوایین نموونەیە و یارییەکی پاڵەوانانەی بەرامبەر بارسا ئەنجامدا و سەرکەوت.
 
جاران پێموابوو تەنیا ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ئیسپانیا لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید ناترسێت، بەڵام خەریکە دێمە سەر ئەو بۆچوونەی دوای چەندین ساڵ دوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا دوو تیپیان لێ هاتووەتە پێشەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە مەدرید و خیرۆناش لە کەتەلۆنیا.
 
خیرۆنا پڕۆژەیەکی سیتی گرووپە، کە خاوەنداریەتیی چەندین یانە دەکات و دیارترینیان مانچێستەر سیتییە، یارییکردنی ئەوان لە یارییەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا وەک ئەوە وابوو، بڵێی گواردیۆلا پێکهاتەی ئەم تیپەی داناوە، ئەوەی لێی وردبووبایەوە هەستیدەکرد خیرۆنا بارسێلۆنا و بارسێلۆنا خیرۆنایە.
 
بەشێکی هۆکارەکانی خراپیی بارسێلۆنا راستە دۆخی دارایی و ئەو گرێبەستانەی کە بۆ پڕکردنەوە کراون، بەڵام دوو هێندەش هۆکارەکەی چاڤی هێرناندێزە، کە من هەمیشە پێموابووە چاڤی ئەو راهێنەرە نییە بتوانێت سەرکردایەتیی ناوێکی گەورەی وەک بارسێلۆنا بکات، ئەگەرچی وەک یاریزان سەرکەوتوو بووە.
 
چاڤی هێشتا پێویستیی بە ئەزموون بوو و پەلەی کرد لە وەرگرتنی راهێنەرایەتیی بارسێلۆنا، لەو کاتەوەی بووەتە راهێنەری یانەکە جگە لە پلانی 4-3-3 بە کام پلانی دیکە توانیویەتی یاریی بکات؟، شێوازی یارییکردنی چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەیە، ئەگەر دەڵێن وەرزی رابردوو لالیگا بردەوە، بەشی زۆری یارییەکانی 1-0 بردووەتەوە و لە خراپی رکابەرەکانی بووە نەک لە بەهێزی بارسا.
 
ئەوەی لە بارسێلۆنا بۆ چاڤی دەکرێت لە رووی پاڵپشتییەوە تەنیا بەهۆی ئەوەوەیە کە کوڕی یانەکەیە، دەنا بۆ رۆناڵد کۆیمان کرابا، بارسێلۆنا نەدەگەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا.
 
بارسێلۆنا جاران تیپێکی ترسێنەر و رووخێنەر بوو، ئێستا ئەو ترسەی نەماوە و هەمووان زۆر بەئاسایی لە رووبەڕووبوونەوەی تیپەکە دەڕوانن، لە هێڵی بەرگرییەوە تاوەکو هێرشبەری یانەکە جێگرەوەی باشی پێ نییە، هەر یاریزانێک تووشی پێکان ببێت یان بە هەر هۆکارێک یاریی نەکات، یانەکە دەکەوێتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، ئەمەش دیسان پێمان دەڵێت "چاڤی نەیتوانیوە تیپ دروستبکات، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنیا لە ئاستی تاکە."
 
چارەسەری بارسا یەک شتە بەر لەوەی لە چامپیۆنزلیگدا جارێکی دیکە تووشی کەوتنێکی گەورە ببێت، چاڤی دووربخرێتەوە و لە گواستنەوەی زستانەدا یانەکە بیر لە گۆڕانکاری بکاتەوە، بەتایبەت لیڤاندۆڤسکی، کە توانای یارییکردنی نەماوە، شێوازی یارییکردنی ئەو لە بنەڕەتدا بۆ بارسێلۆنا گونجاو نییە. فێران تۆرێس ئەو یاریزانە نییە بتوانێت نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی یانەکە بکات، جگە لەوەش بەرگریی بارسا 180 پلە لە وەرزی رابردوو جیاوازە و پێویستیی بە رێکخستنەوەیەکی زۆرباش هەیە، ئەگەر یانەکە نیازی ئەوەی هەبێت شەرمەزار نەبێت.