ڤیدیۆ؛ خیرۆنا بە بردنەوە لە بارسێلۆنا پێشەنگی لە ریال مەدرید وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی خیرۆنا، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر بارسێلۆنادا بەدەستهێنا و پێشەنگی لالیگای لە ریال مەدرید وەرگرتەوە.
 
لە یاریی لووتکەی گەڕی شانزدەی لالیگادا، خیرۆنا لەسەر یاریگەی مۆنتجویک بووە میوانی بارسێلۆنا و بە ئەنجامێکی گەورە 4-2 لێیبردەوە.
 
تیپی میوان 12 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی لە رێگەی ئارتێم دۆڤبێکەوە بە گۆڵێک پێشبکەوێت، بەڵام دوای تەنیا 7 خولەک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئەنجامەکەی بۆ بارسێلۆنا یەکسانکردەوە.
 
پێنج خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، میگێل گوتیرێز گۆڵی دووەمی بۆ خیرۆنا تۆمارکرد و گێمەکە 2-1 لە بەرژەوەندی میوانەکان تەواوبوو.
 
لە نیوەی دووەمدا کوڕەکانی چاڤی زۆر هەوڵیاندا گۆڵی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە تۆماربکەن، بەڵام نەیانتوانی تاوەکو ڤالێری فێرناندێز لە خولەکی 80 گۆڵی سێیەمی خیرۆنای تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 90+2 ئیلکای گوندۆگان بە تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی بارسا هیوای بۆ کەتەلۆنییەکان گەڕاندەوە، بەڵام وەڵامی میوانەکان خێرابوو، و دوای 3 خولەک ستوانی گۆڵی چوارەم و بێهیواکردنی بارسای تۆمارکرد و 4-2 یارییەکە لە بەرژەوەندی تیپی میوان کۆتاییهات.
 
بەم سەرکەوتنە خیرۆنا بە کۆکردنەوەی 41 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی لالیگای لە ریال مەدرید وەرگرتەوە، لە کاتێکدا بارسێلۆنا بە 34 خاڵ لە پلەی چوارەمدا مایەوە.