لەدەستدانی باڵۆن دۆر کاری لە لیڤاندۆڤسکی کردووە؟ ناگێلسمان وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

یولیان ناگێلسمان، راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاری ئەمڕۆیان بەرامبەر ماینز، دووپاتیکردەوە کە بردنەوەی باڵۆن دۆر لە لایەن لیۆنێل مێسییەوە کاری لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی نەکردووە و گوتی "ئەو بە هەمان هێزی جارانی یاری دەکات".
 
ئەمڕۆ کاژێر 17:30 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بایرن میونشن لە گەڕی 15ـی بوندێسلیگادا، لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنادا میوانداری ماینز دەکات.
 
یولیان ناگێلسمان، راهێنەری بایرن میونشن، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لەو یارییەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە، کە رووبەڕووبوونەوەی ماینز ئاسان نابێت و داوای لە یاریزانەکانی کرد، هەموو کۆششەکانیان بخەنەگەڕ بۆ بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکە.
 
راهێنەری یانەی باڤاری سەبارەت بە رکابەرەکەیان، گوتی "ئەو ئاستە بەرزەی ماینز تاوەکو ئێستا پێشکەشی کردووە بۆ من جێگەی سەرسوڕمان نەبووە، چونکە ئەوان تیپێکن بەباشی پیشکەوتوون، ماینز بە حەماسەتێکی زۆرەوە یاری دەکات، زۆر بە پەرۆشەوە بەرگری دەکەن و هێڵێکی بەرگری باشیان هەیە، لە هێرشی هەڵگەڕاوەشدا دەتوانن مەترسی دروست بکەن، ئەوان دوو هیرشبەری نایابیان هەیە".
 
کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد، ئایا لە دەستدانی باڵۆن دۆر لە بەرامبەر لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، لە دەستدانی باڵۆن دۆر هیچ کاری لە لیڤا نەکردووە، ئەو دوای باڵۆن دۆریش بەهەمان کۆشش و ئاستەوە یاری دەکات و بە پەرۆشە بۆ تۆمارکردنی ریکۆردی زیاتر".
 
ناگێلسمان زیاتر لەبارەی هێرشبەرە پۆڵەندییەکەیەوە، گوتی "لیڤا لە دۆخێکی جەستەیی زۆر باشدایە و هەموو رۆژێک بە دڵخۆشی و پێکەنینەوە دێتە مەشقەکانی، لیڤاندۆڤسکی لە دۆخێکی باشدایە و زۆر یارمەتی بەرگریش دەدات".
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەر لە سێ رۆژ، لیڤا لەو بارەیەوە گوتی "ئەگەر بتانەوێت قسە لەسەر هەستەکانم بکەم، لە راستیدا هەفتەی رابردوو بە کاتێکی زۆر زەحمەتدا تێپەڕیم، هەستم نیگەرانییەکی زۆر کرد، ئاسان نەبوو قبوڵی بکەی، دڵخۆش نەبووم، من هەمیشە بە راشکاوی و بەبێ فێڵ قسە دەکەم".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "زۆر نزیک بووم لە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، بە تایبەتیش کە من رکابەریم لەگەڵ یاریزانێکی گەورەی وەک مێسی دەکرد، بێگومان زۆر رێز لە شێوازی یاریکردنی مێسی و هەموو ئەوەی لەم ساڵانەدا بەدەستیهێناوە دەگرم، بەڕاستی ململانێکردن لەگەڵ یاریزانێکی وەک ئەو بۆ من شانازییەکی گەورەیە، بەڵام لە ناخی خۆمدا هەستم بە نیگەرانییەکی زۆر کرد".
 
خاوەنی خەڵاتی زە بێستی وەرزی رابردوو، گوتیشی "من راشکاوانە قسە دەکەم، من زۆر نیگەران بووم، باشبوو کە هەفتەی رابردوو یاریمان نەبوو".
 
یولیان ناگێلسمان، جارێکی دیکە باسی ماینزی کردەوە و گوتی "ماینز شایەنی پلەیەکی باشترە لە ریزبەندیی بوندێسلیگادا، ماینز تیپێکی سەقامگیرە، یاری باش پێشکەش دەکات و ئاستی تیپەکە باشە".
 
ناگێلسمان لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە یاریزانەکانی لە دۆخێکی دەروونی باشدان و ئەوان دەیانەوێت دوایین 3 یارییان بەر لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ببەنەوە.