ستیڤن جێرارد: بۆ 3 خاڵ دەچمە ئانفێڵد و کێشە بۆ لیڤەرپوول دروست دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

 

ستیڤن جێرارد، راهێنەری یانەی ئاستۆن ڤێلا، کە ئەمڕۆ دوای 17 ساڵ یاریکردن بۆ لیڤەرپوول، دەگەڕێتەوە ئانفێڵد بۆ بردنەوە لە یانە کۆنەکەی، دەڵێت "گرنگی ئەو یارییە بۆ من بەدەستهێنانی 3 خاڵەکەیە".
 
ئەمڕۆ کاژێر 18:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی لیڤەرپوول لە گەڕی 16ـی پرێمەرلیگدا، میوانداری ئاستۆن ڤێلا دەکات، کە ستیڤن جێراردی کاپتنی پێشووی لیڤەرپوول راهێنەری ئاستۆن ڤێلایە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، جێرارد قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "من رێز لەو هەرایە دەگرم کە ئەم یارییە لە میدیا و سۆشیال میدیادا ناوەتەوە، کە بەهۆی چەند هۆکارێکی روونە، من دەگەڕێمەوە یانەیەک کە چەندین ساڵم لەگەڵیدا بەسەربردووە".
 
ئەو لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەم یارییە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار خەندە دەخاتە سەر لێوەکانم، کە یەکێکیان ئەو پەیوەندییە باشەیە کە من لەگەڵ زۆر خەڵکی پەیوەست بەم یانەیەوە هەمە، من کاتێکی جوانم لە لیڤەرپوول بەسەربردووە، بەڕاستی گەشتێکی زۆر باشە".
 
ستیڤن خۆشەویستی خۆی بۆ یانە کۆنەکەی دووپاتکردەوە و گوتی "من کوڕی ئەم یانەیەم، کە ئەمە ئەو تیپەیە کە هەر لە منداڵییەوە پشتگیریم کردووە و بێگومان بە بەردەوامی پشتگیری دەکەم".
 
جێرارد روونیشیکردەوە "بەڵام لە هەمان کاتدا من دڵخۆشم کە دەچم بەرامبەر تیپێکی باش و خاوەن راهێنەرێکی باش یاری دەکەم و دەفەتی رکابەریمان لەگەڵیاندا هەیە و هەلی بردنەوەمان هەیە، کە ئەوە ئامانجی سەرەکیم دەبێت".
 
راهێنەرە تەمەن 41 ساڵییەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "هەمووان لە یاریگەی ئانفێڵد باش دەمناسن و دەزانن کە من بۆچی دەچمە ئانفێڵد، سەبارەت بە خەڵکی ئەو یارییە بۆنەیەکی گەورەیە، بەڵام سەبارەت بە خۆم 3 خاڵەکەیە".
 
ئەو زیاتر باسی یاریی تیپەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول کرد و گوتی "ئەوە یارییەکی تۆپی پێیە، 90 خولەکە و پێویستە ورد و وریا بین، ئێمە تیپێکی باشین و کۆمەڵێک لە باشترین یاریزانانمان هەیە، دەتوانین هەڕەشە بۆ سەر تیپی بەرامبەر دروست بکەین، دەمانەوێت بەپێی توانا کارەکە لە لیڤەرپوول زەحمەت بکەین".