رووداو ـ هه‌ولێر
راپۆرته رۆژنامه‌ڤانییه‌كان له فه‌ره‌نسا رایانگه‌یاند، چه‌ندین گه‌وره یانه‌ی پرێمه‌رلیگ كه‌وتوونه‌ته ركابه‌ری له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی تواناكانی نه‌یمار داسیلڤای ئه‌ستێره‌ی به‌رازیلی یانه‌ی پاریس سانجێرمان.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه سه‌رچاوه رۆژنامه‌ڤانییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه یانه‌ی پاریسی بڕیاریداوه له مێركاتۆی هاوینه‌ی داهاتوودا نه‌یمار بفرۆشێت و نرخه‌كه‌ی له 300 ملیۆن یۆرۆ كه‌م بكاته‌وه بۆ 180 ملیۆن یۆرۆ.
رۆژنامه‌ی لێپاریزیانی فه‌ره‌نسی رایگه‌یاند "یانه‌كانی لیڤه‌رپوول، مانچێسته‌ر سیتی و چێڵسی بایه‌خ به تواناكانی نه‌یمار ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ ركابه‌ری بكه‌ن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی تواناكانی نه‌یمار".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌شڵێت "له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی تواناكانی نه‌یمار، ئه‌و یانه گه‌ورانه‌ی پرێمه‌رلیگ له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ نه‌یمار و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی و ئاماده‌باشی خۆیان پێڕاگه‌یاندوون بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ نه‌یمار ئه‌گه‌ر یانه‌كه‌ی بیه‌وێ بیفرۆشێت".
هه‌مان سه‌رچاوه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و ویست و هه‌وڵانه‌ی یانه ئینگلیزییه‌كان ده‌یده‌ن، هێشتا بارسێلۆنای ئیسپانی خاوه‌نی زۆرترین چانسه بۆ به‌ده‌ستهێنانی تواناكانی نه‌یمار، چونكه یاریزانه‌كه خۆی حه‌زی له یانه كۆنه‌كه‌یه‌تی".
لێپاریزیان ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كه یانه‌كانی ریال مه‌دریدی ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتالیش هێشتا ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ نه‌یمار نه‌بوونه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ