ڤیدیۆ؛ مۆندیالی یانەکان.. سەدد بە زەحمەت بردییەوە

11-12-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە دەستپێكی یارییەکانی جامی جیهانیی یانەکان، یانەی سەددی قەتەری گەیشتە قۆناخی داهاتوو، دوای ئەوەی بە زەحمەت شکستی بە یانەی هینگینی کالیدۆنیای نوێ هێنا.

یانەی هینگین کە پاڵەوانی جامی پاڵەوانەکانی ئۆقیانووسیایە و سەر بە وڵاتی کالیدۆنیای نوێیە، یەکەمجارە بەشداری لە جامی جیهانی یانەکان دەکات و نەیتوانی لە پاڵەوانێتییەکە هەنگاوی زیاتربهاوێت و لەسەر دەستی سەددی قەتەری تووشی شکستبوو، ئەنجامی یارییەکەش سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بوو.

یانەی سەددی قەتەری کە وەک میواندار و پاڵەوانی خولی قەتەری بەشداری لە مۆندیالی یانەکان کردووە، کە ئەمە جاریبدووەمە بەشداری دەکات، یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کاتی ئاسایی یارییەکە بە گۆڵێک بۆ ھەرلایەکیان کۆتاییھات.

لە نیوەی یەکەمدا بوغداد بونەجاح گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی سەدد تۆمارکرد، لە نیوەی دووەمی یارییەکەشدا هەر لەگەڵ دەستپێکدا ئێمی رۆین ئەنجامەکەی بۆ یانەی هینگین راستکردەوە، لە گێمی زیادکراویشدا عەبدولکەریم حەسەن بە لێدانێکی ناڕاستەوخۆ لە نێو هێڵی سزاوە گۆڵی دووەمی سەددی تۆمارکرد، لە گێمی دووەمی زیادکراویشدا پێدرۆ میگێل توانی سێیەم گۆڵی یانە قەتەرییەکە تۆماربکات.

سەددی قەتەری لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر بە یانەی مۆنتێریی مەکسیکی و پاڵەوانی ئەمریکای باکوور یاری دەکات، دواتر براوەی ئەو یارییەش رووبەڕووی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەبێتەوە.

یانەی هینگینش ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکەکرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە