ناوبژیوانێک: گۆڵەکەی لیڤاندۆڤسکی مشتومڕ هەڵناگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئیتۆرالدی گۆنزالیس، پسپۆری ناوبژیوانی، باسی گۆڵە رەتکراوەکەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی کردووە کە دوێنێ شەو لە یانەی ریال سۆسیێدادی تۆمارکرد و ڤار بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتیکردەوە.
لە گەڕی 13ی لالیگادا، یانەی ریال سۆسیێداد لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بارسێلۆنای کرد و یارییەکەی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر لێبردەوە. ئەگەرچی لە خولەکی 14دا لیڤاندۆڤسکی گۆڵی پێشکەوتنی بارسای تۆمارکرد، بەڵام بەگەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ ڤار، گۆڵەکە رەتکرایەوە.
رەتکردنەوەی گۆڵەکەی بارسێلۆنا، مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، تەنانەت هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش یارییەکە، گوتی گۆڵەکە دروستبوو، بەڵام رەتکرایەوە.
میدیای کەتەلۆنیا چەندین وێنەی جیاوازی دیمەنی ڤاریان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، وێنەی ڤارەکە دەستکاریکراوە و قاچی یاریزانەکەی ریال سۆسیێداد بەقاچی لیڤا لە حاڵەتی گۆڵەکەدا ئەژمارکراوە، هەر بۆیە گۆڵەکە کراوەتە ئۆفساید.
وێنەی بڵاوکراوەی ڤار دەڵێ، قاچی لیڤا بەچەند سانتیمەترێک لەپێش قاچی بەرگریکەرەکەی سۆسیدادەوەیە.
ئیتۆراڵدی، قسەی بۆ رۆژنامەی 'ئاس'ی ئیسپانی کردووە، دەڵێ "ئەو حاڵەتانەی کە تێیدا پشت بەئامێری ڤار دەبەسترێت، هیچ پەیوەندی بەمرۆڤەوە نییە، مرۆڤ هیچ رۆڵێکی لە وێنەکاندا نییە. ئەگەر سیستمە نیمچە ئەلیکترۆنییەکە گوتی ئۆفسایدە، ئیدی ئەوکات هیچ مشتومڕ هەڵناگریت و ئۆفسایدە".
ئێتۆراڵدی کە پێشتر لە لالیگا ناوبژیوان بووە، لە نێوان 1998 تاوەکو 2012 ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی بووە و چەندین یاریی جیاوازی لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییە جیاوازەکان بەڕێوەبردووە.
ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە گۆڵە رەتکراوەکەی لیڤا لەسەداسەد بڕیاری ئامێرە و پەیوەندی بەمرۆڤەوە نییە.
پێشتر هەندێک سەرچاوە باسیان لەوەکردبوو کە وێنەکەی ڤار لە حاڵەتی ئۆفسایدەکەدا دەستکاریکراوە. بەڵام ئەو ناوبژیوانە ئەوە رەتدەکاتەوە کەس بتوانێت دەستکاری هیج شتێکی پەیوەست بەسیستمی ڤار بکات.
شکستەکەی بەرامبەر سۆسیێداد، دووەم شکستی بارسێلۆنایە لە وەرزی ئەمساڵی لالیگا، وێڕای ئەوەش یانەکە بەجیاوازیی شەش خاڵ لە پێش ریال مەدریدی دووەم دێت، کە یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە.