"ئەمە ریال مەدریدە، خاوەنی 25 نازناوی ئەوروپییە و باشترین یانەی جیهان و مێژووی تۆپی پێیە"

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی شەممە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی یانەی ریال مەدرید بەڕێوەچوو و تێیدا پێرێزی سەرۆکی یانەکە چەندین بابەتی گرنگی باسکرد.
 
لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی یانەی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە باسی چەندین بابەتی سەرنجراکێشی کرد و  ستایشی پێکهاتەی یانەکەی کرد. لە سەرەتای قسەکانیدا فلۆرێنتینۆ پێرێز باسی پێکهاتەی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ئێمە پێکهاتەیەکمان هەیە کە لە ئەنجامی چەندین ساڵ لە پلاندانان درووستبووە. پێکهاتەکەمان تێکەڵەیەکە لە یاریزانی گەنج و بە ئەزموون و دەتوانین بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێین. ئێمە بێلینگهامـمان کڕیوە کە تەنیا تەمەنی 20 ساڵە و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان و سەرکردەیەکە لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا. ئەو ریال مەدرید دەباتە سەردەمێکی نوێ و دەبێتە ئەفسانەیەکی یانەکە." 
 
سەرۆکەکەی ریال مەدرید  لە ستایشکردنی یاریزانە لاوەکانی یانەکەی بەردەوام دەبێت و دەڵێت " ئێمە فران گارسیا و خۆسێلۆمان گەڕاندەوە یانەکە. دواتریش براهیم دیازمان هێنایەوە کە یەکێکبوو لە باشترین یاریزانەکانی خولی ئیتاڵی. گرێبەستمان لەگەڵ ئاردا گولەر کرد کە بچوکترین یاریزانە گۆڵی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا کردبێت، دواتریش کێپامان هێنا کە لە پرێمەرلیگدا 100 یاری زیاتری ئەنجام داوە. لەم دواییەشدا گرێبەستی هەریەکە لە کاماڤینگا و ڤاڵڤێردی و رۆدریگۆ و ڤینیسیۆسـمان نوێکردووەتەوە و لەگەڵ ئەوان لە زیندوو راگرتنی خەونەکانی بێرنابیۆ بەردەوام دەبین."
 
دواتر پێرێز یادی کەریم بێنزێمای هێرشبەری پێشووی یانەی شاهانە دەکاتەوە و دەڵێت "دەمەوێت یادی کەریم بێنزێما بکەمەوە، هاوڕێکەم کەریم هەرگیز لەبیرت ناکەین و تۆ مێژوویەکی نایابت لەگەڵ یانەکەمان نووسیەوە. کەریم یاریزانێکی ناوازەیە و دووبارەبوونەوەی نییە." 
 
پاشان پێرێز جارێکی دیکە باس لە گرنگی پرۆژەی سوپەرلیگ دەکات و دەڵێت "تۆپی پێ تووشی قەیرانێکی دامەزراوەیی گەورە بووە و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە. دەبێت ئێستا پەرچەکردارمان هەبێت ئەگەرنا تۆپی پێ بەردەوام نابێت، بۆیە پڕۆژەی سوپەرلیگ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکەکەی لۆس بلانکۆس ستایشی مێژووە دەوڵەمەندەکەی یانەکەی دەکات و دەڵێت "ریال مەدرید خاوەنی 25 نازناوی ئەوروپییە و باشترین یانەی جیهان و مێژووی تۆپی پێیە و هەرگیز نامرێت."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز نزیکەی 20 ساڵ سەرۆکی ریال مەدرید بووە و یانەکە لەگەڵ ئەودا سەردەمێکی زێڕین و پڕ لە نازناو و سەروەری بەڕێکردووە و پێشبینی دەکرێت تاکو ساڵی 2025 لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت.