فەرەنسییەکان: ئێمباپێ یانەی شەوانەی پێ گرنگترە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی

دوێنێ کاژێر 03:14
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی شەوانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێش یارییەکەی دوێنێ ئێوارەی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا، کەوتە بەر شەپۆلێکی بەربڵاوی تووڕەیی و ناڕەزایی هاندەرانی فەرەنسا.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا، ئێمباپێ لە یانەیەکی شەوانە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لە هەمانکاتدا دەرکەوتووە کە هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری بەرامبەر ئیسرائیل لە نەیشنسلیگدا دەکرد، کە بە بردنەوەی فەرەنسا بەئەنجامی 4-1 کۆتاییهات.
 
ئێمباپێ بۆ ئەم هەفتەیەی فیفا لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەنەبوو، بەهۆی ئەوەی تووشی ئازاری ماسوولکەکانی بووە، ئەوەش دوای هەماهەنگی نێوان دیدێ دیشامپی راهێنەری فەرەنسا و بەرپرسانی ریال مەدرید، گوایە پێیان باشبووە ئێمباپێ پشوو بدات بۆ ئەوەی بەتەواوی لە پێکانەکەی چاکببێتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایان کرد کە ئێمباپێ لە یانەیەکی شەوانە لە سوێد بینراوە، ئەمەش کاردانەوەی بەرفراوانی هاندەرانی فەرەنسای لێکەوتووەتەوە و لێشاوێک رەخنەیان لە ئەستێرەی ریال مەدرید گرت، بەتایبەتی کە بە بیانووی پێکانەوە لە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەنەبوو.
 
هەرچەندە تۆڕی GFFN پشتڕاستی کردەوە کە ئێمباپێ مۆڵەتی لە یانەی ریال مەدرید وەرگرتووە بۆ ئەوەی بۆ پشوویەکی کورت گەشتی سوێد بکات، بەڵام هاندەرانی فەرەنسا تووڕەیی خۆیان ئاراستەی ئەستێرەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد، بەتایبەتی کە ئەو کاپتنی هەڵبژاردەکەیانە.
 
ئێمباپێ ئەوکاتەی لە یانەکە دەرچووە هەوڵیداوە خۆی لە زوومی کامێرای رۆژنامەڤانان بشارێتەوە و دەمامکی بەستووە، بەڵام دەربازی نەبوو، و وێنەکانی هەرزوو بڵاوبوونەوە.
 
فەرەنسییەکان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە چەندین رەخنەیان ئاراستەی کیلیان کردووە، هەندێکیان بۆیان نووسیوە "تۆ یانەی شەوانەت پێ گرنگترە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەت". یەکێکی دیکە بۆی نووسیوە "هەر لە سەرەتادا گومانم هەبوو کیلیان تووشی پێکان بووبێت". یەکێکی دیکەش نووسیویەتی "کیلیان سەلماندی کە نموونەیەکی خراپە بۆ کاپتنایەتی، بەتایبەتیش کە تۆ کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەت بی".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە