لە کۆبوونەوە گرنگەکەی ریال مەدریددا بڕیاری یەکلاکەرەوە درا

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئاشکرایانکردووە کە کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەنێوان کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر و خۆسێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتیی تیپی شاهانە، و بەڕێوەبەری تیپی یەکەم سانتیاگۆ سۆلاری ئەنجامدراوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەیی یانەکە بۆ چوونە نێو بازاڕی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو، و گواستنەوەی یاریزانی نوێ، دوای ئەو شەپۆلە پێکانەی بەم دواییەی یاریزانانی یانەکەی گرتەوە.
 
لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی مارکای نزیک لە ریال مەدرید بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "کۆبوونەوە یەکلاکەرەوەکە بەسەرۆکایەتی ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتی یانەی ریال مەدرید بەڕێوەچووە و سێ لایەنەی بەشداربوو، راپۆرتێک بەرزدەکەنەوە بۆ بەردەم فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات".
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەی داهاتوو ئەمجارە بەبەشداری فلۆرێنتینۆ پێرێز، سانچێز، ئەنچیلۆتی و سۆلاری بەڕێوەدەچێت، بەمەبەستی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ئەو گرێبەستانەی کە ریال مەدرید دەیەوێت لە میرکاتۆی زستانەدا بیانکات.
 
بۆ مێرکاتۆی زستانەی داهاتوو، لە سەرەتای ساڵی 2025، چەندین یاریزان بژاردەی ریال مەدریدن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیان، بەتایبەتی ئەستێرەی ئینگلیزی و یاریزانی لیڤەرپوول ئەلێکساندەر ئارنۆڵد و ویلیام سالیبای بەرگریکاری ئارسیناڵ و هەڵبژاردەی فەرەنسا.
 
ریال مەدرید لە رووی سەرمایەی مرۆییەوە تووشی پاشەکشەیەکی گەورەبووە، لە ئەنجامی پێکرانی ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانە کاریگەرەکانی، کە دوایینیان دانی کارڤاخالی کاپتن بوو، کە لە کاروانی وەرزشیی تۆپی پێیدا تووشی سەختترین پێکان بوو، بە پچڕانی بەستەری ئەژنۆ و دڕانی ماسوولکەی رانی، کە ناچاری دەکات بۆ ماوەی نێوان 9 بۆ 12 مانگ دووربکەوێتەوە.
 
هەروەها ئیدر میلیتاو، براهیم دیاز، دەیڤد ئالابا و تیبۆ کۆرتوا و پێش ئەوانیش ئیدۆرادۆ کاماڤینگا، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام پێکانیان هەبووە.
 
ئەم پێکانانە وایانکردووە ریال مەدرید بیر لە گواستنەوەی یاریزانی نوێ بکاتەوە دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ هەندێک یاریزان کردبوو، کە کیلیان ئێمباپی ئەستێرەی فەرەنسی سەرکردایەتی دەکرد.
 
یانەی ریال مەدرید، پاڵەوانی ئیسپانیا و ئەورووپا، ئیستا لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی ئیسپانیادایە و سێ خاڵ لە بارسێلۆنای رکابەرەکەیەوە دوورە، لەکاتێکدا ئاست و ئەنجامەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا تاوەکو ئێستا لە ئاستی چاوەڕوانی هاندەرانیدا نەبوونە.