ڤیدیۆ؛ دکتۆرای شانازی درایە ئەنچێلۆتی

 
رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی پارمای ئیتاڵیا رێزی لە کاروانی کارکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەنێوبانگی ئیتاڵی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گرت و دکتۆرای شانازیی لەلایەن زانکۆکەوە پێدرا.
 
لە رێوڕەسمێکدا کە سەرۆکی زانکۆ و چەندین کەسایەتی تێیدا ئامادەبوون، لە زانکۆی پارما بە مارشی ریال مەدرید پێشوازی لە کارلۆ ئەنچێلۆتی کرا و دکتۆرای شانازی لە زانست و تەکنیکە چالاکی و جوڵە خۆپارێزییەکان بە راهێنەرە ئیتاڵییەکە درا.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی دوای وەرگرتنی دکتۆراکە قسەیکرد و گوتی " هەمووان دەزانن من کەسێکی بێدەنگم، لە راستیدا من زۆر ئامارامم و زۆر سەبرم هەیە، هەروەها هەوڵدەدەم زیاتر قایلکردن بەکاربهێنم وەک لە خۆ سەپاندن، من ئەوە لە ئەریگۆ ساکییەوە فێربووم."
 
کارلۆ لە پەیامێکدا کە لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیوویەتی "زۆر بەپەرۆشم و شەرەفێکی گەورەیە کە ئەم دکتۆرایەم پێدراوە، سوپاسێکی دڵسۆزانە بۆ ماڵباتەکەم و هەموو ئەو کەسانەی یاوەرم بوون و بەردەوامن لە یاوەریکردنم لە ژیانی پیشەییمدا."
 
پاوڵۆ ئاندرێ، سەرۆکی زانکۆی پارما لە رێوڕەسمەکەدا گوتی "لە ساڵی 2024 سەرگەرمییەکی نوێ و نائاسایی چاوەڕێی ئەنچێلۆتی دەکات، ئەوە بۆ زۆر کەس و راهێنەرەکانیش وەک خەون وایە، ئەو دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، کە دەبێتە یەکەم کەسی دەرەوەی وڵاتەکە لە دوای 60 ساڵ پۆستی راهێنەرایەتیی ئەو هەڵبژاردەیە وەربگرێت."