یاریزانێکی دیکەی یوڤێنتوس هەڕەشەی سێ ساڵ راگرتنی لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ

کێشە و تەنگژەکانی یوڤێنتوس لە وەرزی ئەمساڵدا کۆتاییان نایەت، پاش لێکۆڵینەوە و تۆمەتبارکردنی پۆل پۆگبا بەبەکارهێنانی وزەبەخش، یاریزانێکی دیکەی ئەو یانەیە لە کێشەیەکی یاساییەوە گلاوە و هەڕەشە سێ ساڵ بێبەشکردن لە یاریی لەسەرە.
 
یوڤێنتوس لە هەفتەکانی رابردوودا رووبەڕووی گورزێکی کوشندە بووەوە، کاتێک دەرکەوت پۆل پۆگبا، یاریزانی یانەکە وزەبەخشی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە رەتیدەکاتەوە کارەیە بەئەنقەست کردبێت، بەڵام سەرچاوەکان دووپات لەوە دەکەنەوە کە پۆگبا ماوەیەکی زۆر لە یارییکردن سڕ دەکرێت.
 
لە نوێترین تەنگژەی یانە ئیتاڵییەکەدا، میدیای ئەو وڵاتە ئاشکرایانکردووە، نیکۆلۆ فاگیۆلی، یاریزانی یانەکە لێی ئاشکرابووە کە لە کاری گرەوکردن لەسەر یارییەکانەوە گلاوە.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەو یاریزانە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە، پاشئەوەی تۆمەتبارکراوە بە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان، لە کاتێکدا هیچ یاریزانێک بۆی نییە قومار و گرەو لەسەر ئەنجامی یارییەکان بکات.
 
هەندێک سەرچاوە پێشبینی راگرتنی فاگۆلییان کردووە بۆ ماوەی سێ ساڵ.
 
دۆسێیەکەی دژی فاگیۆلی بەشێکە لەو لێکۆڵینەوەیەی داواکاری گشتیی شاری تۆرینۆ ئەنجامیدەدات لەبارەی قومارکردن لەرێگەی ماڵپەرە نایاساییەکانی ئینتەرنێتەوە، لەسەر ئەنجامی یارییەکان.
 
یاساکان رێگەنادەن یاریزانانی تۆپی پێ و کەسە نزیکەکانیان بەهیچ شێوەیەک بەشداریی لە قومارکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکان بکەن.
 
لێکۆڵەرانی دۆسێیەکە، پاش لێکۆڵینەوە و دەستکەوتن و بەدواداچوونی ژمارەیەک دۆسێ و مامەڵەی قومارکردن، بۆیان دەرکەوتووە فاگیۆلی یەکێکە لە قومارچییەکان لەسەر یارییەکان و هەر لەبەرئەوەش خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەوە.
 
بەپێی ئەوەی لە دۆسێی لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، لە کۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵەوە بەرووداوەکانی زانیوە و داواکاری گشتیی تۆرینۆش کە جۆقیپی چینییە، لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، پاشئەوەی پارێزەرەکەی فاگیۆلی دەستیکردووە بەبەرگریکردن لە بریگرتەکەی خۆی.
 
بڕگەی 24 لە یاسای دادگەریی وەرزشی تێیدا هاتووە، قەدەخەیە یاریزانانی پیشەگەری تۆپی پێ، قومار بکەن لەسەر ئەو رووداوە فەرمییانەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، یان یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا یان فیفا رێکیدەخەن. ناتوانن نە راستەوخۆ و نە ناڕاستەوخۆ بەشداریی لە قوماردا بکەن.
 
ئەگەر یاریزانێک تێوەگلانی لە قومارکردن لە یارییە فەرمییەکانی تۆپی پێ یەکلاببێتەوە، بەبڕی 25 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێت و لانیکەم ماوەی سێ ساڵ لە یارییکردن دووردەخرێتەوە.