لەبارەی ئێمباپێوە، ئەندامێکی ریال مەدرید بۆمبە گەورەکەی تەقاندەوە


رووداو دیجیتاڵ

خۆسێ مانوێل ئۆتێرۆ، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، تەواوی وردەکاری لەبارەی ئەگەرەکانی گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی فەرەنسی روونکردووەتەوە.
 
ئێمباپێ درێژترین چیرۆکی گواستنەوەی سەرنەگرتووە لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە زۆر نزیکبوو لە هاوینی 2022دا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام دواتر لەناکاو گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی نوێکردەوە.
 
ئۆتێرۆ لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'سپۆرت'ی کەتەلۆنی داوە، دەڵێ، "ئەم هاوینە کیلیان هەلی ئەوەی بۆ نەڕەخسا بێتە ریال مەدرید، چونکە ئەو دەبوو دەست لە هەندێک پاداشتی زۆر گەورە هەڵبگرێت کە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەسەری رێککەوتبوو".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەو بڕە پارەیەش کە دەبوو بیدەین بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا لە کاتێکدا تەنیا یەک ساڵ لە گرێبەستەکەی مابوو، زۆر شێتانە بوو، لۆژیکی نەبوو ئەو پارە زۆرە بدەین و گرێبەستی لەگەڵدا بکەین".
 
ئۆتێرۆ لەبارەی هەڵوێستی ریال مەدریدەوە لەبەرامبەر ئێمباپێ پاشئەوەی بێبەڵێن دەرچوو بەرامبەر ریال مەدرید و گرێبەستی لەگەڵ سانجێرمان نوێنەکردەوە و ئەو هەواڵانەی کە باسیان لە نیگەرانیی سەرۆکی ریال مەدرید لەو یاریزانە کرد، دەڵێ "پەیوەندی ئێمباپێ و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید، هەرگیز خراپ نەبووە. پێرێز هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی کیلیانی لەگە: سامجێرمان بەهەڵە لێکنەداوەتەوە، ئەو لە دۆخەکە تێگەیشت، جۆرێک لە بێئومێدی لەنێو هاندەراندا هەبوو، بەڵام هەموو کات ریال مەدرید دەرگای خۆی بۆ هاتنی ئێمباپێ بەکراوەیی هێشتووەتەوە".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "زینەدین زیدان لە تەمەنی 29 ساڵیدا هاتە ریال مەدرید، ئێمباپێش لە تەمەنی 25 ساڵیدا دێتە ریال مەدرید".
 
هەروەها زیاتر دەڵێ، "هیوادارین ئێمباپێ، بەهەمان شێوەی جود بێلینگهام بیر بکاتەوە، من دڵنیام لەوەی ئێمباپێ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات".
 
ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید، هەروەها دەڵێ "ئێمباپێ بەهاتنە ریال مەدرید سەروەریی دەنووسێتەوە، ئێستا پاریس سانجێرمان وەک جاران هێزی نەماوە، چونکە هەمان ئەو یاریزانە باشانەی پێشووی نییە".
 
ئێمباپێ لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دەتوانێ گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید بکات، چونکە گرێبەستەکەی تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2024ە و تاوەکو ئێستاش نوێی نەکردووەتەوە.
 
ئەندامەکەی ریال مەدرید، دەڵێ "یارییکردن لە ریال مەدرید لێبڕاوییت بۆ دەستەبەر دەکات کە ئەنجامی باشی لێبەرهەم دێت، من دڵنیام لەوەی کە ئەو کاتێک دەبێتە یاریزانێکی ئازاد، دەڵێ بەڵێ بۆ ریال مەدرید. ئێمباپێ بۆ ئەوە لەدایکبووە، یاریی بۆ ریال مەدرید بکات".
 
هەروەها دەڵێ، "هیوادارین ئێمباپێ لە ساڵی 2024دا بێتە ریال مەدرید و بەشێوەیەکی یاسایی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات تاوەکو هێچ کەسێک نەتوانێ تۆمەتبارمان بکات بەوەی لەگەڵ یاریزانەکە رێککەوتووین لە پشتی یانەکەیەوە. بەتایبەت کاتێک ناسڕ خلێفی سەرۆکی سانجێرمان گوتبووی، ئێمباپێ لە پشتی ئەوانەوە لەگەڵ ئێمەدا رێککەوتووە، لە کاتێکدا ئەو قسەیە دوورە لە راستییەوە".
 
لە دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ و سانجێرمان لە هاوینی 2022دا، هاندەرانی ریال مەدرید گلەیی زۆریان لەو یاریزانە کرد و بەپارەپەرست تۆمەتباریان کرد، ئەندامەکەی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدرید، هەمان شت دووپاتدەکاتەوە و دەڵێ، "ئەوکات ئەو منداڵێکی بچکۆلەبوو، لەپارەدا نوقمیان کرد و بڕیاری خۆیدا، بەڵام ئەگەر ئێستا لێی بپرسن و راستگۆیانە وەڵام بداتەوە، بەدڵنیاییەوە دەڵێ پەشیمانم لە بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکەم".
 
ئێمباپێ، هاوینی رابردوو دووپاتیکردەوە تاوەکو کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 لە پاریس سانجێرمان دەمێنێتەوە، بەڵام نایەوێ بۆ دوای ئەوە، گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.