کۆلۆمبیا بەرازیلی راگرت و مێسیش بردنەوەیەکی گرنگی بە ئەرجەنتین بەخشی

11-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەڵبژاردەی بەرازیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یەکەمجار لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا نەیبردەوە و ئەرجەنتینیش بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا.
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 5ـی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە پێشتر یارییەکانی ئەم گەڕە بەهۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە دواخرابوون، هەڵبژاردەی بەرازیل بووە میوانی کۆلۆمبیا و هەردوولا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
 
یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە چەندینجار توانیان هێرش بکەنە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام هیچ یەکێکیان نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن و هەردووکیان بە خاڵێک رازی بوون.
 
بەم ئەنجامە هەڵبژاردەی سامبا بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی مایەوە، کۆلۆمبیاش بە 15 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندیی گرتووە.
 
 
تانگۆ بردییەوە
 
لە یارییەکی دیکەدا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەسەر یاریگەی مۆنیمۆنتال میوانداری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کرد و بە ئەنجامی 3-0 لێیبردەوە.
 
ئەرجەنتینییەکان بە هێرشی بەردەوام دەستیانپێکرد و ئۆرگۆاییەکانیش بە هێرشی هەڵگەڕاوە یارییان دەکرد، کە دووجار لویس سوارێز نزیکبوو لە گۆڵکردن لە تۆڕی تانگۆ، بەڵام جارێکیان ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێز و جارێکیش ستوونی گۆڵ نەیانهێشت گۆڵ بکات.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، لیۆنێل مێسی گۆڵی یەکەمی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد و خۆی گوتەنی دوای ئەوە گۆڵە یاریزانانی تانگۆ رووبەری زیاتریان دەستکەوت و بەتەواوی کۆنترۆلی یارییەکەیان کرد.
 
لە خولەکی 44 دی پاول کە یەکێک بوو لە باشترین یاریزانانی ئەرجەنتین و یارییەکە، گۆڵی دووەمی بۆ تانگۆ بەدەستهێنا و دوای دوو خولەک لاوتارۆ مارتینێز نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەمیش بۆ ئەرجەنتین، بەڵام فێرناندۆ موسلێرای گۆڵپارێزی ئۆرۆگوای لە شوێنی گونجاو بوو بۆ گەڕاندنەوەی تۆپەکە.
 
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی 62 لاوتارۆ مارتینێز قەرەبووی کردەوە و گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتینی تۆمارکرد و یارییەکە بە 3 گۆڵی بێوەڵام بۆ بەرژەوەندی مێسی و هاوڕێکانی کۆتاییهات.
 
بەم ئەنجامە، ئەرجەنتین ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 22 خاڵ لە پلەی دووەم، ئۆرۆگوایش بە 16 خاڵ لە پلەی چوارەم مایەوە و شانسی ئەوەی هەبوو کە ئیکوادۆری رکابەریشی، کە ئەویش 16 خاڵی هەیە، لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا 1-2 بە ڤێنزویلا دۆڕا.
 
بۆلیڤیا 1-0 لە پێروی بردەوە و چیلیش بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە پاراگوای بردەوە.

 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە