ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە پاڵەوانی نەیشنلیگ

11-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاریی کۆتایی نەیشنلیگ فەرەنسا ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە پاڵەوانی نەیشنلیگ، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا 2-1 لە ئیسپانیای بردەوە و بووە یەکەم هەڵبژاردە لە مێژوودا کە هەرسێ نازناوی جامی جیهانی، یۆرۆ و نەیشنلیگ بباتەوە.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی ئەلیانز تۆرینۆ بەڕێوەچوو، کە فەرەنسییەکان بە هێرشبردن دەستیانپێکرد و کەریم بنزیما لە خولەکی 6 بە تەنیا لەگەڵ گۆڵپارێزی ئیسپانیا مایەوە، بەڵام نەیتوانی گۆڵ بکات.
 
ئیسپانییەکان کۆنترۆلی تۆپیان کرد و مەترسییان لەسەر گۆڵی فەرەنسییەکان دروستکرد، کە هەردوولا چەندجارێک هەوڵیاندا گۆڵ بکەن، بەڵام نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمیشدا هەردوولا سووربوون لەسەر هەژاندنی تۆڕی گۆڵی یەکدی، تاوەکو  میکێل ئۆیارزابال لە خولەکی 64ـدا توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ هەڵبژاردەی لارۆخا تۆماربکات، بەڵام کەڵەشێرەکانی فەرەنسا تەنیا دوو خولەکیان پێویست بوو بۆ ئەوەی کەریم بنزیما ئەنجامەکە بۆ فەرەنسییەکان یەکسان بکاتەوە.
 
لە خولەکی 80 و لە هێرشێکی گوماناویدا، کیلیان ئێمباپێ گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد، کە ئیسپانییەکان پێیانوابوو ئۆفسایدە، بەڵام ئانتۆنی تایلۆری ناوبژیوانی ئینگلیزی سووربوو لەسەر ئەوەی کە گۆڵێکی شەرعییە و بە گۆڵی هەژمارکرد.
 
ئەم سەرکەوتنە بۆ فەرەنسییەکان مێژوویی بوو، چونکە بوونە یەکەم هەڵبژاردە لە مێژوودا کە هەرسێ نازناوی جامی جیهانی، یۆرۆ و نەیشنلیگ ببەنەوە.
 
دوای یارییەکە ئیسپانییەکان بە ئاشکرا گلەییان لە ناوبژیوانەکە کرد و پێیانوابوو کە ستەمی لێکردوون.
 
لویس ئێنریکی، راهێنەری ئیسپانیا، گوتی "گۆڵەکەی ئێمباپێ ئۆفسایدێکی روون و ئاشکرابوو"، سێرخیۆ بۆسکێتسی کاپتنیش، کە خەڵاتی باشترین یاریزانی نەیشنلیگی بەدەستهێنا، رایگەیاند "گۆڵی دووەمی فەرەنسا نا شەرعی بوو، ناوبژیوان پاساوێکی بۆ هێنایەوە، بەڵام بێمانا بوو".
 
فەرەنسییەکان زۆر دڵخۆش بوون بەو ئەنجامە و لە دوای یارییەکە، راهێنەر و ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان، دڵخۆشیی خۆیان نیشاندا، کە دیدێ دیشامپی راهێنەر رایگەیاند "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر خۆشە".
 
کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسا و خاوەنی گۆڵی یەکەمی یارییەکە و باشترین یاریزانی  فایناڵ، پەیامێکی بۆ هاندەرانی فەرەنسا نارد و گوتی "ئەم خەڵاتە بۆ ئێمە و ئێوەیە، سوپاس بۆ پاڵپشتی ھەمووتان".
 
کیلیان ئێمباپێ، کە گۆڵی بردنەوەی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد لە ئینیستاگرامەکەیدا، نووسیویەتی "نووسینەوەی مێژوو بەردەوامە، بۆ پێشەوە شینپۆشەکان"، هەروەها پۆل پۆگباش گوتی "ئامانجی فەرەنسا هەمیشە بردنەوەی نازناوەکانە".
 

بەر لەو یارییەش لەسەر یاریگەی سانسیرۆ لە شاری میلانۆ، یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا 2-1 لە بەلجیکای بردەوە و بووە سێیەم پاڵەوانێتییەکە.

 
ئامارەکانی نەیشنلیگ
 
ــ لەم پاڵەوانێتییەدا 164 یاری بەڕێوەچوون و دواجار نازناوەکە بۆ فەرەنسا بوو، کە لە یەکەم وەشاندا پۆرتوگال نازناوەکەی بەدەستهێناوە.
 
ــ لەم وەشانەدا 376 گۆڵ تۆمارکراون، واتا لە هەر یارییەکدا رێژەی گۆڵکردن 2.29 بووە، یان لە هەر 40 خولەکدا گۆڵێک.
 
ــ هەڵبژاردەی بەلجیکا بە تۆمارکردنی 19 گۆڵ زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە، بەجیاوازی 4 گۆڵ لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا کە 15 گۆڵی تۆمارکرد و بەجیاوازی 5 گۆڵیش لەگەڵ ئیسپانیا، کە 14 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ــ هەڵبژاردەی فەرەنسا بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە تووشی هیچ شکستێک نەبوو، کە لە 8 یارییدا 7 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبوو.
 
ــ هەریەک لە ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری هەڵبژاردەی نەرویج، رۆمیلۆ لوکاکوی هێرشبەری بەلجیکیا و فیران تۆرێسی یاریزانی ئیسپانیا، بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە بوون. 
 
ــ سێرخیۆ بۆسکێتسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە