ئیڤان راکیتیچ هێرش دەکاتە سەر بارسێلۆنا


رووداو دیجیتاڵ

ئیڤان راکیتیچی ئەستێرەی پێشووی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی کرواتیا و یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هێرشی تووندی کردە سەر یانەکەی پێشووی و دەڵێ، لەوێ بیر لە هەندێک شت دەکەنەوە لە دەرەوەی تۆپی پێ.
 
راکیتیچ باسی هۆکاری پاشەکشەی بارسێلۆنای کردووە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەت لەپاش رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە یانەکە.
 
راکی بەتایبەت باسی ماوەی نێوان 2018 تاوەکو 2022ی کردووە، کە لەو ماوەیەدا بارسێلۆنا لەسەر دەستی هەریەکە لە رۆما و لیڤەرپوول ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد بەسیناریۆیەکی هاوشێوە، بەرلەوەی لە ساڵی 2020دا رووبەڕووی شکستێکی ئابڕووبەرانە ببێتەوە بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی بە 8 - 2 گۆڵ.
 
ئیڤان دوایین وەرزی یارییکردنی خۆی لەگەڵ یانەی هایدۆک سپلیتی کرواتی بەرێدەکات، پاشئەوەی وەرزێک لە یانەی شەبابی سعودیی بوو، راکی کە تەمەنی 36 ساڵە، دەیەوێت وەرزێکی دیکەش لە یارییکردن بەردەوام بێت،
 
راکیتیچ بەوردی باسی دۆخی بارسێلۆنای کردووە، دووپاتیدەکاتەوە بارسێلۆنا بەهۆی هەستکردن بەبێزاری و بیرکردنەوە لە کۆمەڵێک شت کە پەیوەندییان بەتۆپی پێوە نییە، نەیتوانیوە نازناوەکان بباتەوە و پاشەکشەی کردووە.
 
ئەو زیاتر دەڵێم "پێموایە بارسێلۆنا ئێستا یاریزانی لاوی ئاستبەرزی هەیە، هەموو ئەوەی ئێستا هەیە جێگەی دڵخۆشییە و بۆ داهاتوو کارێکی سەرنجڕاکێشی ناوازەی لێدروست دەبێت".
 
راکیتیچ بەداخە بۆ ئەوەی کە نەیتوانیوە زۆر نازناو لەگەڵ بارسێلۆنا بباتەوە، هەرچەندە لە تیپێکدا بووە کە چەندین یاریزانی ناوازەی وەک لیۆنێل مێسی، سوارێز، نەیمار، ئینێستا و چاڤی تێدا بووە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئێمە پێویستمان بەبردنەوەی زیاتر هەبوو، ئەوەمان نەکرد چونکە هەستمان بەبێزاری دەکرد لە تۆپی پێ. هەروەها گوێم لە هەندێک شت بوو لە هاوڕێکانم کاتێک دەیانگوت هیچ تیپێکی بەهێزی وەک بارسێلۆنا نەبینراوە لە مێژوودا، هەربۆیە ئێمە لە بەرامبەر رۆماو لیڤەرپوول بەو شوەیە دۆڕاین".
 
ئەو هەروەها دانیبەوەداناوە کە "هەستمان بەزاڵبوون بەسەر رکابەرەکانمان دەکرد و باشترینی خۆمان پێشان نەدا. ئەگەر ئارامی و ویستمان هەبووایە، دەمانتوانی دوو تاوەکو سێ نازناوی دیکەی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە. ئێمە هەستماندەکرد لەسەر هەمووانەوەین و تۆپی پێش لەسەر ئەو هەستە سزای داین".
 
 
جیاوازیی نێوان بارسا و ریال
 
کاتێک پرسیار لەراکیتیچ کرا لەبارەی جیاوازیی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ چییە؟، ئەو "مەرج نییە هەموو کاتێک باشترین تیپ یان بەربژێرترین بۆ بردنەوەی نازناوەکە، سەرکەوتوو بێت".
 
هەروەها دەڵێ، "ئەگەر تێبکۆشیت و هەموو توانای خۆت بەخەرج بدەیت، هەموو ساتێک ئەوە بەدەست دەهێنیت کە شایستەتە، بەڵام ئەگەر یەک تۆز پاشەکشە بکەیت، سەرکەوتوو نابیت. مەدرید ئەوەیکرد و سەرکەوتوو بوو. جێگەی داخە کە باشترین تیپ کە بارسێلۆنای 2015 بوو، نازناوی زیاتری چامپیۆنزلیگی نەبردەوە، راستە ئێمە زۆر نازناومان بردەوە، بەڵام دەمانتوانی زیاتریش ببەینەوە".
 
راکیتیچ هەروەها باسی لە کاروانی کۆتایی خۆی لە سێڤییا لەگەڵ هەریەکە لە مێندیلیباری راهێنەری ئیسپانی و کیکی سانچێزی راهێنەر کردووە.
 
ئەو دەڵێ، "هیچ کەسێک هێندەی من بەمێندیلیبار سەرسام نییە. ئەو کەسایەتی و راهێنەرێکی نایابە و جادووگەرە. چونکە کارەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو چۆن توانی ئێمە لەدۆخە خراپەکە دەربهێنێت، لەگەڵ چێژی رۆژانە لە خول و یۆرۆلیگیش".
 
ئەو دەڵێ، "دوای رۆیشتنی مێندیلیبار هەستم بەترس دەکرد لە تیپەکانی دیکە، ئەو بەشێوازی خۆی کاریدەکرد، بەڵام دواتر گوێم لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی کیکی سانچێز فلۆریس گرت و ئەبڵەق دەبووم بەدیارییانەوە، بەڕاستی ماوەی کارکردنی ئەوم لەگەڵ یانەکەدا هیچ بەدڵ نەبوو".
 
ئیڤان راکیتیچ لە 2014 تاوەکو 2020 یاریزانی بارسێلۆنا بووە، بەشداریی لە 200 یارییدا کردووە و خاوەنی 25 گۆڵیشە لەو یانەیە.