ڤیدیۆ؛ یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب خوێن بەقوربانییانی بوومەلەرز دەبەخشن

رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب، روویان لە سەنتەری تەندروستیی شاری ئەگادیری ئەو وڵاتەکرد بۆ بەخشینی خوێن بەقوربانییانی ئەو بوومەلەرزەیەی دوو رۆژ لەمەوپێش لە وڵاتەکەیدا و وێرانکارییەکی گەورەی لەدوای خۆی خستەوە.
 
بوومەلەرزەکەی مەغریب بەهێزی 6،8 وڵاتەکەی گرتەوە و تادێ ژمارەی قوربانییان روو لە زیادبوون دەکات.. یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب دەستپێشخەربوون بۆ خوێن بەخشین بە قوربانییەکانی رووداوەکە.
 
نەسیر مەزراوی، یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب، گوتی "خوا شیفای بریندارەکان بدات و لەوانەخۆش بێت کە گیانیان لەدەستدا، هیوای ئارامی بۆ کەسوکاریان دەخوازم، ئێمە بەدەنگ داواکارییەکانەوە هاتین کە داوای بەخشینی خۆینیان دەکرد و هاتووین خوێن ببەخشین بۆ ئەوەی هاوکاریی بریندارەکان بکەین و بەهیواین ئەوان بەزووی چاکببنەوە".
 
گەرچی تاوەکو ئێستا کاری تیمەکانی فریاگوزاری بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە رووخاوەکانی بوومەلەرزەکە بەردەوامە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئاشکرایکردووە ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە 2100 مردوو و 2059 بریندار کە 1400 برینداریان لە دۆخێکی مەترسیداردان.
 
رۆمان سایس، کاپتنی هەڵبژاردەی مەغریبیش لەو بارەیەوە گوتی "ئەوەی دەیکەین بەشێکە لە کولتووری کۆمەڵگەی مەغریب کە بەهاوکارییکردنی یەکدی بەناوبانگە. داوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەکەم و من دڵنیام لەوەی مەغریبییەکان هەموو هاوکارییەکی پێویست بۆ قوربانییانی بوومەلەرزەکە دابین دەکەن. داوای ئارامی بۆ خێزانی قوربانییەکان دەکەم، هیوادارم ئەمە دوا ناخۆشیی گەلی مەغریب بێت. پێموایە ئەوەی روویدا بەڵایەکی خوایە بەسەرماندا هات و دڵنیام مەغریب توانای بەرگەگرتنی ئەو ئاڵنگارییەی هەیە".
 
هەڵبژاردەی مەغریب، بڕیاربوو لە پاڵاوتنەکانی جامی ئەفریقیادا لە شاری ئەگادیر، بەسەرپەرشتی وەلید رگراگیی راهێنەر، بەرامبەر هەڵبژاردەی لیبیریا یاریی بکات، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە پاش رێککەوتن لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقیا یارییەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
 
وەلید رگراگی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب، دوای بەخشینی خوێن، گوتی "بەر لەهەرشت پرسەی خۆم بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەم بوومەلەرزەیە دەنێرم. ئەمە رۆژێکی خەمگینە بۆ هەموو مەغریبییەک و هەموومان پرسەدارین. ئێمە لە هوتێل بووین و هەستمان بە بوومەلەرزەکە کرد، بەڵام دڵنیام مەغریب وڵاتێکی گەورەیە و دەتوانێ ئەم کارەساتە تێپەڕێنێ. ئەم بەیانییە لەگەڵ یاریزانەکان رێکەوتین لەسەرئەوەی کە بەبەخشینی خوێن، بەشداریی لە هاوکارییکردنی قوربانییەکان بکەین و ئەمە کەمترین شتە کە لەدەستمان بێت. دەزانین نەخۆشخانەکان زۆر پێویستیان بەخوێن هەیە بەهۆی زۆریی بریندارەکانەوە، لە رۆژانی داهاتووشدا، دەستپێشخەریی دیکەمان دەبێت لەگەڵ یاریزانەکان".
 
هەڵبژاردەی مەغریب کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا لە مۆندیالی قەتەر پلەی چوارەمی لەسەرئاستی جیهان بەدەستهێنا، سەرکەوتنی بۆ جامی ئەفریقیا مسۆگەرکردووە. هەڵبژاردەکە بڕیارە رۆژی سێشەممە لە فەرەنسا بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆرکینا فاسۆ یاریی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو یارییە دۆستانەیە یەکلانەبووەتەوە.