خاوەنداریەتیی یوڤێنتوس فرۆشتنی یانەکە رەتدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەری فرۆشتنی یانەی یوڤێنتوس لەلایەن ماڵباتی ئانێلییەوە دوای 100 ساڵ لە خاوەنداریەتیکردنی یانەکە کاردانەوەی زۆری لە ئیتاڵیا دروستکردووە و خاوەنداریەتیی یانەکەش ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە.
 
لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا رۆژنامەی ئال جۆرنال راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت "ماڵباتی ئاندریا ئانێلی، سەرۆکی پێشووی یانەی یوڤێنتوس کە ماوەی زیاتر لە 100 ساڵە خاوەنداریەتیی یانەکە دەکەن دەیانەوێت یانەکە بفرۆشن و چیدیکە بەرپرسیارەتیی بارودۆخی خراپیی یانەکە هەڵناگرن."
 
بەپێی رۆژنامەکە ماڵباتی ئانێلی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە خۆریان لە تۆرین ئاوابووە و لەو چوارچێوەیەشدا بیر لە فرۆشتنی یانەی یوڤێنتوس دەکەنەوە، ئەوان لەو بڕوایەدا کە چیدیکە هەلی ئەوە نەماوە کە قەرەبووی بارودۆخی دارایی خراپی یانەکە بکەنەوە."
 
یوڤێنتوس لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە رووی ئابوورییەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، رۆژنامەکە دەڵێت "ئەمە هۆکاری بیرکردنەوەی ماڵباتەکەیە بۆ فرۆشتنی یانەکە."
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کۆمپانیای ئیکسۆر، کە خاوەنداریەتیی یانەکە دەکات ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "هیچ نیازێکمان نییە بۆ فرۆشتنی یانەی یوڤێنتوس."
 
یوڤێ دوای ئەنجامدانی سێ یاری لەسەرەتای ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیادا بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک خاوەنی 7 خاڵە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، ماسیمیلیانۆ ئالێگری، دەیەوێت لە وەرزی نوێدا تیپەکەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.