هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو لە هۆتێلەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

11-09-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هۆتێل پێستانا کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا دوای بوومەلەرزەکەی مەغریب، هەواڵ و دەنگۆی زۆر بڵاوکرانەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیارییداوە هۆتێلەکەی بخاتە خزمەت زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، بەڵام هۆتێلەکە ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
هۆتێلەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە شاری مەراکێشی مەغریبە و ناوی پێستانا CR7ـە و چوار ئەستێرەیە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "کارگێڕیی هۆتێلەکە هەواڵی تەرخانکردنی هۆتێلەکە بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی مەغریب رەتدەکاتەوە."
 
بەڕێوەبەری هۆتێلەکە بە میدیای فەرەنسای گوتووە "داواکاریی زۆرمان بۆ هاتووە بۆ ئەوەی پێشوازی لە زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممەی رابردوو بکەین کە زیانی بە مەغریب گەیاند، بەڵام ئێمە لە کارگێڕیی هۆتێلەکە ئەمە رەتدەکەینەوە."
 
بەڕێوەبەری هۆتێلەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "ئەگەری هەیە کەسێک یان کۆمەڵە کەسێکی بێ ماڵ و حاڵ لە دەرەوەی هۆتێلەکە ببینیت، یان کەسێک لە شوێنی پێشوازیی هۆتێلەکە دابنیشێت، بەڵام ئەمە وەڵامی فەرمی ئێمەیە."
 
رەتکردنەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن کارگێڕیی هۆتێلەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە لەکاتێکدایە، کە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو دۆن هۆتێلەکەی خستووەتە خزمەت زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە