ڤیدیۆ؛ جۆکۆ بووە پاڵەوان و چەندین ریکۆردی دیکەی شکاند

 
رووداو دیجیتاڵ

وەک ئەوەی بڕیارییدابێت نەوەستێت تاوەکو هەموو ریکۆردەکان دەشکێنێت، وەک ئەوەی یاریزانێکی تازەپێگەیشتوو و تینووی بردنەوەی نازناوەکان بێت، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سێربی، لەسەر نووسینەوەی مێژوو و شکاندنی ریکۆردەکان بەردەوامە.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکادا، جۆکۆڤیچ بە ورەیەکی بەرز و بیرکردنەوەیەکی بەهێزەوە بەرامبەر دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی یارییکرد.
 
تێنسزانەکەی بەلگراد کۆمەڵەی یەکەمی بە ئاسانی و بە شەش سێ بردەوە، لە کۆمەڵەی دووەمدا دانیێل هەوڵی زۆریدا بەربەست بۆ نۆلێ دروستبکات، بەڵام بێ ئەنجامبوو و ئەو کۆمەڵەیەش حەوت شەش بۆ جۆکۆ کۆتاییهات و بە جامەکەی گوت ئەوە نزیکم و هاتم.
 
لە کۆمەڵەی سێیەمدا لە سەرەتادا جۆکۆڤیچ رکابەرەکەی هێندە ماندووکرد تاوەکو کەوتە سەر زەوی، ئەمەش کاریگەریی زۆری کردە سەر ئاراستەی یارییەکە و نۆلێ بە شەش سێ ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و مێژووییەکی نوێی لە یاریی تێنسدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی چوارەم نازناوی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکا.
 
جۆکۆڤیچ کەوتە نێو ئاهەنگێکی نەبڕاوە و ریکۆردی مارگرێت کورتی یەکسانکردنەوە و بووە خاوەنی 24 نازناوی گراندسلام، ئەمە چوارەم نازناوی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکایە دەیباتەوە و تۆڵەی دۆڕاندنەکەی ساڵی 2021ـی لە مێدڤێدێڤ کردەوە.
 
بردنەوەی نازناوەکە لەلایەن نۆڤاک ئەوی خستە نێو ئاهەنگێکی کە تێیدا فرمێسک و پێکەنینی خۆی و ماڵباتەکەی ئاوێتەی یەکدی بوون و دوای ئەوەش بەدرێسێکەوە هاتە نێو یاریگە کە وێنەی کۆبی براینت، ئەستێرەی پێشووی باسکەی لەسەرە و لەسەری نووسراوە بۆ هەمیشە و ژمارە 24ـی لەسەرە.

 
جۆکۆ ئەمە جاری سێیەمە لە مێژوودا لە ساڵێکدا هەردوو نازناوی کراوەی ئوسترالیا و ئەمریکا دەباتەوە و گەورەترین تێنسزانیشە کە لە 36 ساڵیدا نازناوی پاڵەوانێتیی کراوەی ئەمریکای بەدەستهێنابێت.

 
هەر هێندە نا، نۆڤاک یەکەم تێنسزانە چوارجار لە ساڵێکدا سێ نازناوی گراندسلام بەدەستبهێنێت و بەبردنەوەی ئەم نازناوە جیاوازیی گراندسلامەکانی لەگەڵ نادال کردە دوو نازناو و لەگەڵ فێدێرێریش چوار گراندسلام.