خانمە پیرەکە بە ئاسانی گەنج نابێتەوە

11-09-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ماتوێدی، یوڤێنتوس، ئینتەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک وەرزی رابردوو کۆتاییهات و یانەی یوڤێنتوس دوایین یانەی ئیتاڵی بوو کە بلیتێکی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵی مسۆگەرکرد، پاش ئەوەی پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەی بەدەستهێنا، هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ یانەکەدا هەیە، لەسەر یەک رستە هاوڕابوون، یوڤێنتوس لە هاویندا خۆی رێکدەخاتەوە و وەرزی داهاتوو، وەک وەرزی رابردوو نابێت.
 
هاوین هات و دەرگای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان کرایەوە، هەنگاوەکانی خۆ نوێکردنەوە و گۆڕانکاری لە ریزەکانی خانمە پیرەکەدا، سست و لەسەرخۆبوون، ئاراستەکە بەکۆکردنەوە و پەلکێشکردنی ئەو یاریزانانە بوو کە ساڵانێکی بەرچاوە لە خولە ئەوروپییە جیاوازەکاندا یاریدەکەن و ئەزموونیان هەیە، ئەمە وایکرد دیارترین ئەستێرە کە خانمە پیرەکە چاوی لەسەری بێت، دیماریا و پۆل پۆگبا بن، دواتریش بەهۆی پێویستییەوە یانەکە گرێبەستی لەگەڵ بریمێر و فیلیپ کۆستیچدا بەڵام پێکرانی بەدوای یەکی هەریەکە لە دیماریا و پۆگبا، کارگێڕیی یانەکەی ناچارکرد پەنا بۆ ئێرکادیۆز میلیک ببات.
 
ئەوەی رووخساری سەرەکی بازاڕی گواستنەوەی یوڤێنتوس بوو، هێندەی رۆیشتن و بەڕێکردنی یاریزانان بوو، هێندە هێنانی یاریزانان نەبوو، ئەمانە هەموویان بەرەزامەندی و لەژێر چاودێری ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنەردا روویاندا، کە ئەو پێیوابوو تیپەکەی چەندە بۆشایی هەیە لە هەندێک شوێندا، هێندەش یاریزانی زیادەی هەیە لە شوێنی دیکەدا.
 
رۆیشتنی دیبالا، ماتیاس دی لێخت، ئارسەر میلۆ و دینیس زەکەریا، دواجار ئەوەیان بەدیهێنا کە ئالێگری دەیویست، بەڵام دوای پێنج یاری لە خولدا، ئێستا رووداوەکان بەو شێوەیە نین کە ئەو پلانی بۆ دانابوون، چونکە ئەنجامەکان تادێ فشارەکان لەسەر خۆی و یاریزانەکانی زیاتر دەکەن.
 
یوڤێنتوس لە پێنج یاری سێریا ئەیدا، تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، گەرچی نەدۆڕاوە، بەڵام شەش خاڵی بەرامبەر سامپدۆریا، رۆما و فیۆرێنتینا لەدەستداوە و ئەوەش هەواڵێکی خۆش نییە بۆ هاندەرانی یانەکە کە خانمێکی چوست و چالاک و رکابەر لەسەر نازناوەکەیان دەوێت، نەک پیرێکی هیچ لەدەستنەهاتوو.
 
میدیای ئیتاڵیا، گوشارەکانیان لەسەر ئالێگری خەستکردووەتەوە، بەئاشکرا پێیدەڵێن ئیدی کاتی گۆڵکردن و بردنەوە و راگرتنی لەدەستدانی خاڵەکانە.. رۆژنامەی تۆتۆ سپۆرت دەڵێ، ئێستا ئیدی بردنەوە پێویستییە سەرەکییەکەیە، یارییەکانی داهاتوو چارەنووسسازن بۆ ئالێگری.. پێدەچێ لەم وێستگە نوێیەی یوڤێدا، تەنیا کارێکی رێگەپێدراو، بردنەوە و دەرکەوتن بەئاستێکی باشەوە بێت، دەنا هاندەران ئەو ئومێدە لەدەستدەدەن کە تیپەکەیان لەگەڵ ئالێگریدا دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر ئاوازی، من تەنیام، من یۆڤیم و هەرخۆم پاڵەوانم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە