ڤیدیۆ؛ لە ئیکوادۆر پێشبڕکێی گوێدرێژەکان بەڕێوەچوو

11-09-2022
ئیحسان تاهیر
پێشبڕکێی گوێدرێژەکان
پێشبڕکێی گوێدرێژەکان
نیشانەکردن پێشبڕکێی گوێدرێژەکان ئیکوادۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کەرنەڤالێکی زۆر سەرنجڕاکێشدا، لە ئیکوادۆر پێشبڕکێی گوێدرێژەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا پیاوان و خانمان و منداڵان بەشدار بوون و دەیان گوێدرێژ بە شەقامەکانی شاری سالسیدۆ لە ناوەڕاستی ئیکوادۆردا رایانکرد.
 
پێشبڕکێکە، کە ماوەکەی زیاتر لە 800 مەترە، بەشێکە لە ئاهەنگەکانی ساڵانە بۆ ناوچەکە.
 
پێشبڕکێی گوێدرێژەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد، بەڵام دوای تەقینەوەی گڕکانی کۆتۆپاکسی کە نزیکە لە ناوچەکە، پێشبڕکێیەکە ساڵی 2015 نەکرا.
 
هەروەها لە ساڵانی 2020 و 2021 بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ئەو چالاکییە هەڵوەشێنرایەوە.
 
فێرناندۆ ڤیلاس، رێکخەری پێشبڕکێی گەورەی گوێدرێژەکان، لەبارەی ئەو کەرنەڤالەوە، گوتی "9 ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی 2014 دەستمان بەم پێشبڕکێیە کرد، لە ساڵی 2015 بەهۆی تەقینەوەی گڕکانی کۆتۆپاکسییەوە نەمانتوانی ئەنجامی بدەین، دواتر جارێکی دیکە رێکمانخستەوە تا ساڵانی رابردوو کە بەداخەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە جارێکی دیکە راگیرایەوە.
 
سالسیدۆ دەکەوێتە دووری 91 کیلۆمەتر لە باشووری پایتەخت، لە ناوچەیەکی کشتوکاڵیدا کە خەڵکی رەسەنی ئەو وڵاتە تێیدا دەژین، کە زۆر لە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە کاری رۆژانەیاندا گوێدرێژ بەکاردەهێنن.
 
بەقسەی رێکخەرانی پێشبڕکێیەکە، ئەمساڵ 65 گوێدرێژ بەشداریان لە پێشبڕکێیەکەدا کردووە، کە بە نازناوەکانیان بانگ دەکرێن، پێش پێشبڕکێکە لە دەوروبەری شارەکەدا نمایشی گوێدرێژ و خاوەنەکانیان دەکرێت، بۆ هەڵبژاردنی باشترین بەشداربووەکان لە رووی جلوبەرگی رەنگاوڕەنگەوە.
 
هەزاران کەس لە ناوەوە و دەرەوەی شارەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ بینینی چالاکییەکە، کە رکابەرییەکی زۆری تێدایە و بەشداربووان و گوێدرێژەکانیان دەبێت بەباشی راهێنان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی کۆتایی پێشبڕکێکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە