شاندی یانەی دهۆک لە بەغدا دەگەڕێتەوە و سەرۆکی حکومەتیش پیرۆزباییان لێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک، دوای سەرکەوتنی بۆ خولی یانە نایابەکانی عێراق، ئەمڕۆ دەگاتەوە شارەکەی و لە پێشوازییەکی گەورەدا پێشوازییان لێدەکرێت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی پیرۆزباییان لێدەکات.
 
دهۆک لە دوایین یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە خولی یانە نایابەکانی عێراق، بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی ئەمانەی بەغدای بردەوە و بۆ یەکەمجار لە دوای وەرزی 2016-2015 خۆی گەیاندە خولی یانە نایابەکانی عێراق، کە لە وەرزەد بەهۆی قەیرانی داراییەوە یانەکە لە خولەکە کشایەوە.
 
هەزاران هاندەر لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا لە پارکی نەورۆز لە دهۆک بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە لەبەردەم شاشەیەکی گەورەدا کۆبوونەوە، دەیان هاندەر لە بەرەبەیانێکی زوودا بە پاس لە دهۆکەوە چوونە بەغدا و پاڵپشتی یانەکەیان کرد، یاریزانانیش هاندەرەکانیان بێهیوا نەکرد و بەبردنەوەیەکی مێژوویی وەڵامی ماندووبوونەکەیان دایەوە و تیپەکەیان گەیاندە خولی یانە نایابەکانی عێراق.
 
بەسەرکەوتنی یانەی دهۆک، بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق، بۆ وەرزی 2023-2022 چوار یانە نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن، کە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، نەورۆز و دهۆک دەبن.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک، پیرۆزبایی لە کارگێڕیی یانەکە، دەستەی راهێنەران و هەموو یاریزانان و هاندەرانی یانەی دهۆک دەکات و هیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازێت.
 
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکدا دووپاتیدەکاتەوە کە سەرۆکوەزیران پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەی دهۆک راگەیاندووە و لەبەرامبەردا سەرۆکی یانەکە سوپاسی کردووە و پێی راگەیاندووە، کە بە پاڵپشتی ئەوان گەیشتوونەتە ئەم ئامانجەیان.
 
سلێمان رەمەزان، راهێنەری بەنێوبانگی کورد، سەرکردایەتی کەشتییەکەی دهۆکی کرد، لە ماوەی کەمتر لە 2 مانگدا تیپێکی بەهێزی ئامادەکرد و سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ریزی یانە گەورەکانی عێراق، دوای یارییەکەش بە بە کۆڵ گریا و بە رووداوی گوت " ئەو هاندەرانەی پاڵپشتی تیپەکەیان کرد، شایستەی ئەم دڵخۆشییە بوون."
 
دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاندەرانەی هاتن پاڵپشتی یانەی دهۆک بکەن، رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە سەرکەوتنی یانەکەدا، ئەم بردنەوەیە پێشکێشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، ئەم یانەیە پێویستی بە پاڵپشتییەکی زیاتر هەیە و ئەم هاندەرانە تینوی سەرکەوتن و یارییکردنن لە خولی نایابی عێراق.
 
سەرۆکی یانەی دهۆک زیاتر گوتی " لە ماوەی 25 بۆ 30 رۆژدا تیپێکی بەهێز ئامادەبکەین و لەنێو جەرگی بەغدادا سەرکەوتنێکی گەورە تۆماربکەین، کە هەموولایەک دەزانن هەلی ئێمە زۆر لاواز بوو، بەڵام بردنەوەیەکی گەورەمان تۆمارکرد و ئەو یانەیەی لێمان بردەوە دەتوانم بڵێم بودجەی 15 جار هێندەی بودجەی یانەی دهۆکە، بەڵام سوپاس بۆ خوا بە پاڵپشتی هاندەران و یاریزانان توانیمان ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنین."
 
عەبدوڵلا جەلال بە رووداوی گوت " بەهۆی دڵخۆشییان بۆ بردنەوەی یارییەکە، یاریزانانەکانیان تاوەکو درەنگانی شەوی رابردوو نەخەوتوون، ئەمڕۆ کاژێر 10:00 لە بەغداوە بەرەو دهۆک بەڕێدەکەون، بۆ کاژێر 17:00 دەگەنەوە شاری دهۆک و لە پارکی نەورۆز ئاهەنگێکی گەورە بۆ پێشوازیکردن لە شاندی تیپەکە رێکدەخرێت."
 
هەریەکە لە عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەکە بۆ خولی نایابی عێراق پیرۆزبایی لە یانەکە و هاندەرانی دەکەن.
 
یانەکانی هەولێر، زاخۆ، نەورۆز، پێشمەرگەی سلێمانی، پێشمەرگەی هەولێر، قوە جەوییە، زەورا و دیوانییە بەبۆنەی سەرکەوتنی تیپەکە بۆ خولی نایابی عێراق پیرۆزباییان لە یانەی دهۆک کردووە.