مێسی ئەمڕۆ یارییدەکات؟ پۆچێتینۆ وەڵام دەداتەوە

11-09-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان
A+ A-
 
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمان چاوی لە بردنەوەی پێنجەمە لەسەریەک کاتێک بەرامبەر یانەی کلیرمۆن یارییدەکات.
 
یارییەکە کاژێر 18:00 لەسەر یاریگەی پارک دی پرێنس بەڕێوەدەچێت، هەریەکە لە مێسی، نەیمار، دیماریا و پارێدێس بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەهۆی ئەوەی کە لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان بەشدارییان لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالدا کردووە.
 
پاریس سانجێرمان لە چوار یاریی رابردوودا، چوار بردنەوەی تۆمارکردووە و ئێستا لە پێشەنگی ریزبەندی خولی فەرەنسایە، جگە لەو یاریزانانەی لە ئەمریکای باشوور بوون، سێرخیۆ رامۆسیش بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، بەڵام بە ئەگەری زۆر ئەمڕۆ جیانلویجی دۆنارووما، گۆڵپارێزی ئیتاڵی یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی یانەی پاریس سانجێرمانەوە ئەنجامدەدات.
 
ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "هەموو یاریزانانی پاریس سانجێرمان ئەستێرەی گەورەن، بەڵام یانەکە لەسەرووی هەمووانەوە دەمێنێتەوە، بۆ ئەم یارییەش 35 یاریزان لە لیستی تیپەکەدان."
 
راهێنەری پاریس سانجێرمان زیاتر گوتی "هیچ یاریزانێک گەرەنتی یارییکردنی بەشێوەی سەرەکی نییە، هەموو یاریزانەکان لە تیپەکە دەبێت هەست بەوەبکەن کە بەشێوەی کۆمەڵ یارییدەکەن، ئامانجمان ئەوەیە تیپەکە هاوسەنگ بێت، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە و یانەکە تەنیا لە مێسی، نەیمار و ئێمباپێ پێک نایەت.".
 
پۆچێتینۆ دەڵێت "ئێستا بۆ پاریس کاتێکی زەحمەتە، بەوپێیەی بەشێکی زۆری یاریزانەکانە لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان یارییانکردووە، ئێمەش لەم هەفتەیەوە سێ یاریی گرنگمان لەبەردەمە، هەندێکیان هەست بە ماندووبوون دەکەن، هەندێکیان پێکانیان هەیە، دەبێت چاوەڕوانیان بین بۆ ئەوەی بۆ چامپیۆنزلیگ پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەن، بەتایبەت کە ئێمە دەمانەوێت هەموو یارییەکان ببەینەوە و هیچ بیانوویەک نییە، ئێمە پاریس سانجێرمانین و لەسەرمانە بەهێزەوە دەربکەوین."
 
دەربارەی ئەوەی کە ئێمباپێ لەگەڵ یانەکە دڵخۆشە، راهێنەری پاریس سانجێرمان بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئێمباپێ دڵخۆشە، پێش ماوەی گواستنەوە و دوای ئەوەش ئەو جێگیربووە، ویستی یارییکردنی هەیە و هەست بە ئارامی دەکات لە رووی هزرییەوە، ئەو راهێنانی کردووە و لەو پێکانەی چاکبووەتەوە کە لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی بوو، هیوادارم بۆ یارییەکەی بەرامبەر کلیرمۆن ئامادەبێت."
 
پۆچێتینۆ زیاتر گوتی "تاوەکو ئێستا بڕیاریی نەداوە کام گۆڵپارێز لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یارییدەکات، چەند بژاردەیەکمان لەبەردەستە، دۆنارووما یەکێک لە بژاردەکانە، دەگەڕێین بۆ ئەوەی بەباشترین بژاردە یاریی بکەین لەکاتێکدا ماوەی بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە قورسە."
 
ماوریسیۆ لەبارەی گەڕانەوەی سێرخیۆ رامۆس دەڵێت "وەک ئەوەی یانەکە رایگەیاند، رامۆس لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە، بەڵام بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ و بەرامبەر کلەب برووج لە چامپیۆنزلیگدا ئامادەنابێت، دوودڵ نین بۆ بارودۆخەکەی، ئەو بەشێوەیەکی باش دەگەڕێتەوە و لە کاتێکی نزیکدا پەیوەندی بە تیپەکەوە دەکات."
 
راهێنەری پێشووی تۆتێنهام و ئێستای پاریس سانجێرمان دەڵێت "هەمیشە دەڵێن خولی ئینگلتەرا و ئیسپانیا سەرنجڕاکێشترینن، بەڵام خولی فەرەنسا لەرووی بەهێزییەوە لە پرێمەرلیگ کەمتر نییە، بەڵام بارودۆخەکە دەگۆڕێت، بەهۆی پەیوەندیکردنی ئەستێرەی دیکە بە تیپەکانەوە، بەڵام هەموو یارییەکان لە لیگ وەن و خولی پلە دووی فەرەنسا بەهێزن، هەموو ئەوانەشی لە نزیکەوە چاودێری تۆپی پێی فەرەنسا دەکەن ئەمە دەزانن."
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە