لە دوای 48 کاژێر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بڕیارێکی پاشگەز بووەوە

11-09-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو ـ هەولێر 

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی یاریی جامی سوپه‌ری عێراقی پاشگەزبووەوە و دەڵێن " دەبێت ئەو یارییە بکرێت". میدیای عێراقیش واده‌ی ئه‌نجامدانی یارییه‌كه‌ ئاشكرا کرد.

دوای ئەوەی دوو رۆژ بەر لە ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگه‌یاند، یاریی جامی سوپه‌ری عێراق ئه‌نجامنادرێت، كه‌ بڕیارە له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی شورته‌ "پاڵه‌وانی خول" و زه‌وڕا "پاڵه‌وانی جام" ئه‌نجامبدرێت، بەڵام ئەمڕۆ عەلی جەبار، سەرۆکی لێژنەی چالاکییەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند کە لەو بڕیارە پاشگەزبوونەتەوە.

پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق‌ ئاشكرایكردبوو، بڕیاره‌كه‌یان به‌ ره‌زامه‌ندیی هه‌ردوو یانه‌ داوه‌، چونکە یاریگەی شەعب ئامادەنەبوو، ئه‌م بڕیاره‌ی فیدراسیۆنه‌كه‌ بووه‌ جێگه‌ی ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی هانده‌رانی هه‌ردوو یانه.

عەلی جەبار گوتی"رەنگە ئێوارەی ئەمڕۆ کاتی یاری سوپەری عێراقی ئاشکرابکرێت، ئەمەش دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فیدراسیۆنەکە سەبارەت بەو یارییە"، جەبار راشیگەیاند کە فیدراسیۆنی عێراق بڕیار لەسەر یاریگەی یارییەکە دەدات".

جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "هیچ بیانوویەک لەلایەن هەردوو یانەوە قبوڵ ناکەین و دەبێت ئەو یارییە بکرێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەش بەبێ خوێندنەوەی ورد دراوە" .

له‌ نوێترین پێشهاتدا میدیای عێراقی ئاشكرایكرد كه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوه‌ یارییه‌كه‌ رۆژی 14/9/2019 له‌سه‌ر یاریگه‌ی كووت ئه‌نجام بدرێت.

به‌پێی میدیای عێراقی، ئه‌م بڕیاره‌ی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ پارێزگاری كووت ئاماده‌یی شاره‌كه‌یان بۆ میوانداریكردنی ئه‌و یارییه‌ نیشانداو گوتی له‌ شاره‌كه‌مان هۆتێلی گونجاو هه‌یه‌ بۆ میوانداریكردنی شاندی هه‌ردوو تیپه‌كه‌".

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریشداوه‌ هه‌ر یانه‌یه‌ك له‌ رۆژی دیاریكراودا ئاماده‌ نه‌بێت به‌ دۆڕاو هه‌ژمار ده‌كرێت و جامه‌كه‌ به‌ تیپه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌درێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە