بارسێلۆنا دەیەوێت گورزێک لە ریال مەدرید بدات

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلێکساندەر ئارنۆڵد بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی بارسێلۆنا کار بۆ گواستنەوەی یاریزانێک دەکات، کە ئامانجێکی سەرەکی ریال مەدریدە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەلێکساندەر ئارنۆڵدی ئینگلیزی دەکەن لەگەڵ یانەکەی لیڤەرپوول.
 
یاریزانە تەمەن 25 ساڵەکە، ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی ساڵی داهاتوو کۆتایی دێت، له کاتێکدا زۆر لە میدیاکان ناوی ئەویان بە ریال مەدریدەوە بەستووە.
 
بەپێی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، هەردوو یانە ئیسپانییەکە پێیانوایە یاریزانە ئینگلیزەکە دەیەوێت لە ئانفێڵد بڕوات، بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی کۆنۆر برادلی، بەرگریکاری باڵی راستی تەمەن 21 ساڵ و پێیانوایە سوود لە تواناکانی وەردەگرن.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بڕیارە لیڤەرپوول گرێبەستێکی نوێ پێشکێش بە ئەلێکساندەر ئارنۆڵد بکات، و مووچەکەی زیاد بکات، کە ئێستا هەفتانە 180 هەزار پاوەند وەردەگرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی زیادەڕوویی لە زیادکردنی مووچەکەیدا بکرێت.
 
راپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بەوە کردووە، یانەی ریال مەدرید هەوڵی گواستنەوەی ئارنۆڵد دەدات، بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی دانی کارڤاخال، بەتایبەتی کە تەمەنی ئەو یاریزانە رووەو بەرزبوونەوەیە.
 
ئەو سەرچاوانە هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، جود بێلینگهام، ئەستێرەی ریال مەدرید، رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە تەواوکردنی گواستنەوەی ئەستێرەی لیڤەرپوول بۆ یانەی شاهانە، ئەویش بەسوود وەرگرتن لەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ هاونیشتیمانییەکەی هەیە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە بارسێلۆناش بە جددی بیر لە ئارنۆڵد دەکاەوە و دەیەوێت ئەو ئامانجەی ریال مەدرید بباتە ریزەکانی، کە بێگومان ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە ئەوەی کرد، واتا توانی گورزێکی گەورە لە ریال مەدریدی رکابەری بدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە