رۆناڵدۆ لەگەڵ نەسڕ رووبەڕووی ئەرکێکی زۆر سەخت دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئستێرەی پۆرتوگالیی یانەی نەسڕی سعودی، تەنیا چەند رۆژێکی  کەمی ماوە بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی خولیای دڵخوازیی خۆی لە یاریگاکانی سعودیە، کە تۆمارکردنی گۆڵە، پێش ئەوەی یەکەم یاریی فەرمی ئەم وەرزە بەرامبەر یانەی تەعاون ئەنجام بدات لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتی سوپەری سعودی، کە بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ئەرکە بۆ ئەو یاریزانە پۆرتوگالییە زۆر سەختە، چونکە لەگەڵ تیپەکەی رووبەڕووی ئەرکێکی ئاسان نابنەوە، کە لەدوای پەیوەندیکردنی یاریزانەکەی پێشووی مانچێستەر یونایتد هیچ نازناوێکیانبەدەستنەهێناوە.
 
هۆکارەکانی سەختی رووبەڕووبوونەوەی تەعاون لەلایەن نەسڕەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێک کە دیارترینیان باس دەکەین:
 
ئامادەکارییەکی خراپ
 
ماوەی ئامادەکارییەکانی نەسڕ لەنێو سەرجەم یانەکانی خولی سعودیەدا باشترین نەبوو، تەنانەت بۆ خۆیشی لەنێوان چەندین ساڵی رابردوویدا باشترین نەبوو.
 
قسە لەسەر کوالیتی ئەو تیپانە نییە کە پلەی دووەمی خولی سعودیە بەرامبەریان یاری کرد، بەڵکو پەیوەندی بەو ئەنجام و ئاستەبەرزەوە هەیە کە تیپەکە پێشکێشی کرد.
 
نەسڕ تەنیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ماریتیمۆی بردەوە، و لە چەند یارییەکی دۆستانەدا لەگەڵ چەند یانەیەک یەکسان بوو، هەروەها تووشی سێ دۆڕانی زۆر نائومێدکەر بوو، لەوانە چوار گۆڵ بەرامبەر پۆرتۆ و سێ گۆڵی بەرامبەر ئەلمێریا.
 
دانپێدانانی راهێنەر
 
لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەی نەسڕ، درۆ و فێڵی لە خۆی و لە هاندەرانی یانەکەی نەکرد و راشکاوانە بوو، کاتێک لەم دواییانەدا قسەی لەگەڵ هاندەران کرد سەبارەت بە وەرزی نوێ و دۆخی ئێستای تیپەکەی.
 
راهێنەرەکە دانی بەوەدانا کە تیپەکەی ئێستا ئاستێکی باشی نییە، بەتایبەتی لە لێدوانەکانیدا کە کەناڵی ریازییەی سعودیە دوای دۆڕانەکەی بە ئەنجامی 3-0 بڵاویکردنەوە.
 
لەوانەیە دانپێدانانی کاسترۆ سەرەتای راستکردنەوەی هەڵەکان بێت، بەڵام راهێنەرەکە  7 یاریی دۆستانەی لەپێش بوو بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات و ئەوەش رووی نەدا.
 
کوانێ گرێبەستەکان؟!
 
یەکێک لەو ئاڵنگاریانەی کە لە وەرزی نوێدا رووبەڕووی یانەی نەسڕ دەبێتەوە و رۆناڵدۆ دەبێت خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت، کەمی گرێبەستەکانە.
 
یانەکە تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە ئەنجامدانی هیچ گرێبەستێک جگە لە گرێبەستی پینتۆی گۆڵپارێزی بەرازیلی، کە ئەویش هێشتا گومانی هەیە لە بەشداریکردن لە یاریی پێشکۆتایی جامی سوپەری سعودیە بەرامبەر تەعاون.
 
نەسڕ پێویستی بە چەند گرێبەستێک هەیە، کە لەوانەیە دیارترینیان لەدڵی بەرگری و لە هێرشبەری باڵی چەپ بێت، لەبری سادیۆ مانێ کە ئاستێکی باش پێشکێش ناکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لە هەموو ئەمانە بەدەست نەهاتووە.
 
ئامادەنەبوونی رۆناڵدۆ
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی، بەڵام تاوەکو ئەو ساتە لە هیچ یارییەکدا، تەنانەت لە یارییەکی دۆستانەدا، لەگەڵ تیپەکەدا یاری نەکردووە.
 
یاریزانە پۆرتوگالییەکە بەرامبەر ئەلمێریا یاری نەکرد و ئەو یارییە دواهەلی بوو بۆ ئەوەی چەند خولەکێک لە یارییە ئامادەکارییەکانی نەسڕدا یاری بکات.
 
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە کرسیتیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یۆرۆی 2024 شکستی هێنا لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، جگە لە دواکەوتنی گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی تیپەکەی، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە شتێکی باش نابێت بۆ دۆن، و ئەگەری هەیە کریس بەتەواوی ئامادە نەبێت کاتێک وەرزی یانەکەی بەفەرمی دەستپێدەکات.