سوپرایزێک سەبارەت بە هەڵوێستی ئێمباپێ بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا

رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئاشکرایکرد کە ئەگەرێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کیلیان ئێمباپێ فەرەنسی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشداری لە جامی سوپەری ئەوروپادا بکات بەرامبەر ئاتالانتای ئیتاڵی، سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە درەنگ پەیوەندی بە مەشقەکانی تیپەکەیەوە کردووە و ئامادەی کەمپی ئامادەکاری ئەم دواییەی یانەکە نەبوو، کە لە ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
ئەستێرەی تەمەن 25 ساڵی فەرەنسی، له هاوینی ئەمساڵدا بە گواستنەوەیەکی ئازاد پەیوەندی به ریال مەدریدەوە کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تەواوبوو، و ئامادە نەبوو نوێیبکاتەوە.
 
کیلیان ئێمباپێ، بۆ ماوەی 5 وەرز گرێبەستی لەگەڵ یانەی شاهانە واژۆکردووە و لە هاوینی 2029 کۆتایی دێت.
 
چوارشەممەی داهاتوو یاریگای نیشتمانی لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، میوانداریی یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپا دەکات لە نێوان ریال مەدرید و ئاتالانتای ئیتاڵی.
 
ئەمە یەکەم یاریی ئێمباپێ دەبێت لەسەر ئاستی فەرمی لەگەڵ تیپەکە، لە دوای هاتنی بۆ یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
کیلیان ئێمباپێ لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی دیار لە مەشقەکانی ریال مەدرید دەرکەوت، لاپەڕە فەرمییەکانی یانەکەش ڤیدیۆ و وێنەی ئەو یاریزانەیان بڵاوکردەوە کە گۆڵی نایابی تۆمارکردووە و لەگەڵ هاوڕێکانی ئاهەنگیان گێڕاوە. ئەمەش ئەو راستییە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەو لە رووی توانای جەستەییەوە ئامادەیە بۆ ئەم یارییە.
 
رۆژنامەی مارکا، نموونەیەکی خستووەتەڕوو کە کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری ریال مەدرید 10 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ تۆنی کرووسی ئەڵمانی کردوویەتی، کە بەم دواییە وازهێنانی لە یانەکەی راگەیاند.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەستێرە ئەڵمانییەکە لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە تیپەکەوە کرد، کە ریال مەدرید نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی پێشووی بەدەستهێنابوو. 
 
مارکا نووسیویەتی "دوای بردنەوەی مۆندیالی بەرازیل لەگەڵ ئەڵمانیا، کرووس لە 13ـی تەممووز گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید کرد و لە 17ـی هەمان مانگدا لەلایەن ریال مەدریدەوە پێشکێش کرا و بۆ پشوو مۆڵەتی وەرگرت و لە 5ـی ئابدا پەیوەندی بە مەشقەکانی ریال مەدریدەوە کرد و لە 12ـی هەمان مانگدا لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو بۆ یاریی جامی سوپەری ئەوروپا".
 
مارکا زیاتر دەڵێت "لەو یارییەدا کرووس هەموو یارییەکەی کرد. نەک ئەوەندە، بەڵکو  بەشداری لە 9 یاریی دیکە لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ کرد، بەرلەوەی لە یەکی تشرینی یەکەم، کە لە قۆناخی دووەمی چامپیۆنزلیگدا لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت بەرامبەر لودۆگۆرێتسی بولگاری".
 
راپۆرتەکەی رۆژنامەی مارکا، ئاماژەی بەوەشکردووە، کرووس دوای 8 رۆژ لە پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە یاریی کرد، هەمان شت لەگەڵ ئێمباپێش روودەدات کە چوارشەممەی رابردوو پەیوەندی بە راهێنانەکانی ریال مەدریدەوە کرد، ئێستاش خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ تیپەکەی لە جامی سوپەری ئەوروپا ئەنجام بدات".