فیفا بەهۆی یاریزانێکی تونسییەوە یانەی هەولێر سزا دەدات

تایبەت بە رووداو

 

یانەی هەولێر ناتوانێت هیچ یاریزانێک ناونووس بکات، ئەمە سزایەکی کاتییە فیفا بەسەر یانەی هەولێردا دەسەپێنێت، بەهۆی سکاڵای یاریزانێکی تونسی، کە داوای شایستە داراییەکانی لە یانە هەولێر دەکات.
 
بەگوێرەی میدیای عێراق، فیفا بڕیاری داوە ناونووسکردنی یاریزانان لە پێنج یانەی عێراقی قەدەخە بکات بۆ وەرزی نوێ. یانەی هەولێر و چوار یانەی دیکەی خولی عێراقی.
 
ئەو پێنج یانەیەی سزادراون لەلایەن فیفاوە بریتین لە یانەکانی هەولێر، شورتە، قاسم، حدود و کەربەلا.
 
سەبارەت بە یانەی هەولێر، رووداو زانیویەتی، کە سزایەکە بەهۆی سامی هومامی یاریزانی تونسییە، کە پێشتر و لە سەردەمی کارگێڕیی پێشووی یانەکەی پایتەخت، لە رێگەی واتسئاپەوە گرێبەستی لەگەڵ کراوە و دواتر کە راهێنەر گۆڕاوە گوتوویەتی من ئەو یاریزانەم ناوێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو یاریزانە تونسییە لە مانگی نیسانی رابردووەوە، لای فیفا سکاڵای لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە و ئێستا فیفا داواکارییەکەی بە رەوا لە قەڵەم داوە، چونکە یاریزانەکە، گوتوویەتی بەهۆی ئەو گرێبەستەی یانەی هەولێرەوە چەند دەستەوارەیەکی لەدەستچووە.
 
فیفا سیستمی ناونووسکردنی یاریزانانی لەسەر یانەی هەولێر راگرتووە تاوەکو شایستە داراییەکانی سامی هومام دەدات، کە بەپێی بەدواداچوونی رووداو، بریتییە لە 40 هەزار دۆلار.
 
وەک ئەوەی رووداو زانیویەتی، کارگێڕیی نوێی یانەی هەولێر ئامادەیە ئەو بڕە پارەیە بداتە سامی هومام بۆ ئەوەی بتوانێت یاریزانە نوێکانی ناونووس بکات.
 
بەگوێرەی ئەوەی میدیای عێراق باسی دەکات، سزای یانەی هەولێر و سێ یانەکەی دیکە کاتییە، بەڵام سزاکەی یانەی کەربەلا بۆ ماوەی وەرزێکی تەواوە.
 
بەپێی میدیای عێراق، ئەم سزایە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی یاریزانان و راهێنەرەکانی ئەو یانانەیە، کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ گەڕاندنەوەی شایستە داراییەکان، سزاکان لابدرێن.