ئەمڕۆ ئامەدسپۆر مێژوویەکی گەورە و لەبیرنەکراو تۆمار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەو یاریگەیەی دوو وەرزە لەمەوبەر، مانچێستەر سیتی گەورەترین شانازیی تێدا نووسییەوە و بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ئەمڕۆ میوانداریی یانەیەکی کوردستانی دەکات.
 
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، لە دەستپێکی دەرکەوتنە مێژووییەکەیدا لە خولی پلە یەکی تورکیا، لە یاریگەی ئاتاتۆرک لە ئیستەنبوڵ دوور لە هاندەرانی بەرامبەر یانەی فاتیح کەرەگومرۆگ یاریی دەکات.
 
ئامەدسپۆر وەرزی رابردوو، ئاستێکی نایابی پێشکێشکرد، یانەکە لە خولی پلە دوودا لە کۆمەڵەی سووردا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و مێژووی یانەکە قۆناخێکی گەورە و سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیا.
 
خولی پلە یەک لەسەر ئاستی تۆپی پێی تورکیا، دووەم بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەو وڵاتەیە لە دوای سوپەرلیگ، ئامەدسپۆر دەیەوێت هەنگاوی داهاتووی گەیشتن بێت بە ریزی یانە گەورەکانی ئەو وڵاتە.
 
نە هەڕەشە و نە رەگەزپەرستی هیچیان نەبوونە هۆکاری راگرتنی سەرکەوتنەکانی ئامەدسپۆر، کەسک و سوورەکان بەڵێنی سەرکەوتنیاندا و بەڵێنەکەیان بردەسەر، هەزاران دڵیان لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بەلای خۆیدا راکێشا و ئێستا هەمووان لە پشتی ئامەدسپۆرن.
 
یانەکەی باکووری کوردستان، بۆ ئەم وەرزە ئەرکی زەحمەتترە، لەبەرئەوەش 11 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، کە دیارترینیان ئاداما تراورێ، یاریزانی مالی و یاریزانی پێشووی یانەی هال سیتی ئینگلیزییە.
 
بسەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر عەزیز ئیلایدی، پەیامێکی لەبارەی یارییەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر فاتیح کەرەگومرۆگ ئاراستەی هاندەران کرد و نووسیوویەتی "هاندەرانی خۆشەویستی ئامەدسپۆر، لە ئیستەنبوڵ و هەرچوار پارچەی تورکیا بانگهێشت دەکەین بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەدا و پاڵپشتیکردنی تیپەکەمان، بەبێ ئەوەی لەبیری بکەن کە تۆپی پێ حەز و سیمبولی وەرزشییە، هاوڕێیەتی، ئاشتی و کۆمەڵایەتییە."
 
سەرۆکی یانەکەی باکووری کوردستان لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت "وەرن ئێمە بەیەکەوە لە نێو پەیژەکانی یاریگەدا ببینە نموونە."
 
وەرزێکی دوور و درێژ و پڕ رکابەری چاوەڕێی ئامەدسپۆر دەکات، هاندەرانی یانەکە بە خەونی گەورەوە لە یانەکە دەڕوانن و چاویان لەوەیە یانەکە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە سوپەرلیگ.