وێنە.. کوردێک میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی بردەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاریان سەلیمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا میدالیای زێڕی بەدەستهێنا و سەرۆکی ئێران پیرۆزبایی لێدەکات.
 
ئاریان سەلیمی، یاریزانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە یاریی تایکواندۆدا لە کێشی 80 کیلۆگرامیدا توانیی میدالیای زێڕ و پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
 
سەلیمی لە یاریی کۆتاییدا یارییەکەدا بەرامبەر کەیدن کەنینگهامی بەریتانی یارییکرد و بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت، یاریزانە کوردەکە 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و توانیی پلەی یەکەمی رکابەرییەکە و میدالیای زێڕ بباتەوە.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پیرۆزبایی لە ئاریان سەلیمی دەکات و نووسیوویەتی "کوڕە شیرینەکەمان ئاریان سەلیمی، میدالیا زێڕە بە نرخەکەت ماندووبوونی لە جەستەی ئێمەدا هێنایە دەرەوە، دڵی خەڵکت بەو میدالیایە بردەوە، هیوادارم هەمیشە شانازی بەخۆتەوە بکەیت."

 
ئاریان سەلیمی، یاریزانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەمەنی 20 ساڵە و لە دایکبووی خەڵکی کرماشانە، ئەو پێشتر لە 2024 لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی ئاسیا پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی لە کێشی 87 کیلۆگرامیدا بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانێتیی جیهاندا لە باکو لە 2023 توانیی پلەی سێیەم و میدالیای بڕۆنز بەدەستبهێنیت.


ئێران تاوەکو ئێستا لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا 10 میدالیای بەدەستهێناوە، 3 میدالیای زێڕ، 5 میدالیای زیو و 2 میدالیای بڕۆنز.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە