ئەلێکسیس سانچێز هەڕەشە لە پاریس سانجێرمان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەلێکسیس سانچێز، یاریزانی چیلیی، دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی مارسیلیای فەرەنسییەوە، خۆشحاڵی خۆی بە چوونە ریزەکانی ئەو یانەیە راگەیاند و دووپاتیکردەوە کە مارسیلیا گەورەترین یانەی فەرەنسایە، گوتیشی "رکابەریکردن لەگەڵ پاریس سانجێرمان ئاڵۆزە، بەڵام من هاتوومەتە مارسیلیا بۆ ئەوەی نازناوەکان ببەینەوە".
 
یانەی مارسیلیا، ئەلێکسیس سانچێزی هێرشبەری نوێی بە میدیاکان ناساند، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەرمیلانی ئیتاڵی هەڵوەشاندەوە، کە ئەو یاریزانە بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانە فەرەنسییەکەوە کردووە.
 
سانچێز دوای ناساندنی لەلایەن یانە نوێیەکەوەیەوە، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە کە ئەم تیپە مێژوویەکی هەیە، گەورەترین یانەی فەرەنسایە، تاکە یانەی فەرەنسییە کە نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، پێموایە 10 ساڵە خولی فەرەنسی نەبردووەتەوە، بەڵام پێموایە بۆ من ئاڵنگارییەک دەبێت کە لەگەڵ ئەو یانەیەدا نازناوێک ببەمەوە، کاتێک پەیوەندیم بە یانەکەوە کرد لەبەر ئەوەبوو کە من دەمەوێت لەگەڵیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنم".
 
یاریزانی چیلی، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "پێموایە یاریکردن لە چامپیۆنزلیگ کارێکی باشە، کێبڕکێ شتێکە کە لەگەڵ مندا  دەگونجێت، کاتێک گەیشتمە میلانۆ، یازدە ساڵ بوو ئینتەرمیلان هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنابوو، هەمان شتە سەبارەت بە مارسیلیاش، ماوەیەکی زۆرە نازناوی بەدەستنەهێناوە و ئەوە ئاڵنگارییەکی کەسییە بۆ من، پێموایە تیپەکە، راهێنەر و بەرگری باشن، بۆیە پلانەکەم ئەوەیە لێرە شتێک ببەمەوە".
 
سەبارەت بە رکابەریکردن لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئەلێکسیس سانچێز گوتی "پێموایە دەبێت متمانەمان بەو تیپە هەبێت کە یاریی بۆ دەکەین، پێموایە ئەوان رکابەرێکی ئاڵۆزن، بەڵام من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی نازناوەکان بەدەستبهێنم".