دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا لەلایەن ریال مەدریدەوە چی روویدا؟

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید چوارەم نازناوی لە ساڵی 2022ـدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی جامی سوپەری ئەوروپای لە یانەی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بردەوە.
 
ریال مەدریدی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و ئاینتراخت فرانکفۆرتی پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا لە هێلسنکیی فینلاند رووبەڕووی یەکبوونەوە، یانە ئیسپانییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بووە پاڵەوان.
 
لە خولەکی 37 دەیڤد ئالابا بە ئاسیستی کاسیمێرۆ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی شاهانە تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی ئیسپانییەکان کۆتاییهات.
 
لەنیوەی دووەمدا هێرشەکانی ریال مەدرید بۆ سەر گۆڵی کیڤن تراپ بەردەوامبوون، لە خولەکی 65 کەریم بنزیما گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد و ریال مەدریدی بەتەواوی لە بردنەوەی نازناوەکە نزیککردەوە.
 
دوای ئەم گۆڵە هەرچەند ئاینتراخت هەوڵیدا ئەنجامەکە کەمبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجامبوو و یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی ریال مەدرید کۆتاییهات.
 
کەریم بنزیما بۆ یەکەمجار چووە سەر ستەیج وەک کاپتنی یەکەمی ریال مەدرید جامی سوپەری ئەوروپای بەرزکردەوە.
 
ئەمە جاری پێنجەمە ریال مەدرید نازناوەکە دەباتەوە، بەمەش لەگەڵ هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئەیسی میلان یەکسانبووەوە کە خاوەنی زۆرترین نازناون.
 
ریال مەدرید لە 2022 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، لالیگا، چامپیۆنزلیگ و جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێناوە.
 
ریال مەدرید لە کاروانی یارییکردنیدا بووە خاوەنی 98 نازناو، بەمەش خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژوودا.
 
کەریم بنزیما بەو گۆڵەی لە یارییەکەدا تۆماریکرد، بووە خاوەنی 324 گۆڵ و پێش رائول گۆنزالێس کەوت، بەمەش بووە دووەم گۆڵکاری مێژووی ریال مەدرید دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە 450 گۆڵی بۆ یانەکە کردووە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید یەکەم راهێنەرە لە مێژوودا 4 جار نازناوی جامی سوپەری ئەوروپای بردبێتەوە.