لێدوانی توخێل لەبارەی جامی سوپەری ئەوروپا و مێسی

11-08-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن تۆماس توخێل جامی سوپەری ئەوروپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە ئامانجی خۆی و یاریزانەکانی بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپایە و گوتیشی "پێمناخۆش بوو مێسی لە بارسێلۆنا رۆیشت".

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی چێڵسی ئینگلیزی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و ڤیاڕیالی ئیسپانی، پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لەسەر یاریگەی ویندسۆر پارک لە بێلفاستی پایتەختی ئێرلەندای باکوور یاریی جامی سوپەری ئەوروپا دەکەن.

تۆماس توخێل، راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، دووپاتیکردەوە کە ئامانجییان بردنەوەیە و گوتی "دەمەوێت بیبەینەوە، بێگومان ئامانجمان ئەنجامدانی یارییەکی باش و بەدەستهێنانی نازناوەکەیە".

راهێنەری ئەڵمانی، زیاتر گوتی "ئەوە سروشتی چێڵسییە، هەمیشە رکابەری لەسەر هەموو نازناوەکان دەکات، هەموو ساڵێک لە هەر پاڵەوانێتییەکدا چێڵسی بەشداری بکات ئامانجی بردنەوەی نازناوەکەیە، بێگومان ئێمە لە ئاستێکی بەرزداین".

توخێل هەروەها گوتیشی "لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بتوانین بەهەمان سیفەت و شێوازی خۆمان یاری بکەینەوە، ئەوەی لە وەرزی رابردوودا پێشکەشمان کرد".

سەبارەت بە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانیشی، راهێنەری چێڵسی گوتی "زۆربەی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانمان لەم هاوینەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان بەشدارییان کردووە، لە دۆخێکدا نین بتوانن ئەمشەو یاری بکەن، دەبێت سەرەتا دڵنیابینەوە کە هەندێکیان دەتوانن لە سەرەتاوە یاری بکەن یان نا".

راهێنەری چێڵسی ئامادە نەبوو وەڵامی هیچ پرسیارێک بداتەوە کە تایبەت بوون بە هاتنی رۆمیلۆ لوکاکوی ایریزانی ئینتەرمیلان بۆ یانەکەیان و گوتی "ئەوە کاری من نییە باسی گواستنەوەکان بکەم، من لێرەم بۆ ئەوەی باسی یاریی جامی سوپەری ئەوروپا بکەم".

کاتێکیش لەبارەی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان پرسیاریان لێکرد؟ توخێل گوتی "هەندێک پێمناخۆش بوو مێسی لە بارسێلۆنا بڕوات، حەزمدەکرد بە درێسی ئەو یانەیەوە کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی بێنێت، بەڵام مێسی بۆ هەموو تیپێک دەبێت، ئیدی پۆچێتینۆ کاری زۆری دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە