کۆرۆنا هێرشی کردەوە سەر یانەی ڤالێنسیا

11-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤالێنسیا ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی، بەفەرمی تووشبوونی دوو کەسی نێو یانەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، بەڵام ناسنامەی دوو تووشبووەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ڤالێنسیا وەرزی ئەمساڵی لالیگای بە ئاست و ئەنجامێکی خراپەوە بەڕێکرد، کە پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکەی گرتبوو بە کۆکردنەوەی تەنیا 53 خاڵ.

یانەی ڤالێنسیا ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردەوە و هەواڵی تووشبوونی دوو لە ئەندامانی بە کۆرۆنا راگەیاند، کە ئێستا ئیسپانیا لەژێر هەڕەشەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەدایە.

لە بەیاننامەکەی یانە ئیسپانییەکەدا هاتووە "رۆژی دووشەممە پشکنینمان بۆ سەرجەم یاریزان و کارمەند و ئاندامانی یانەکەمان کردووە و ئەنجامەکان دەریانخستووە کە دوو حاڵەتی پۆزەتیڤمان هەیە".

هەروەها یانەکە لە رێگەی ئەو بەیاننامەیەیدا، دەڵێت "دوو حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنامان هەیە و بەپێی پرۆتۆکۆلی لالیگا هەردووکیان لە ماڵەکانیان کەرەنتینە کراون و راستەوخۆ دەستەڵاتدارانی بواری تەندروستیش ئاگادارکراونەتەوە".

یانەی ناوبراو لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی "بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی و ئەو پرۆتۆکۆلەی بۆ لالیگا دانراوە، کە هەر لە رۆژی یەکەمی دەرچوونی پرۆتۆکۆلەکەوە بەتەواوی پێیەوە پابەند بووینە".

ئەمە دووەمجارە ڤایرۆسی کۆرۆنا هێرش بکاتە سەر یانەی ڤالێنسیا، کە لەگەڵ شەپۆلی یەکەمیشیدا بۆ سەر ئیسپانیا چەند یاریزان و ئەندامێکی یانەکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

دوێنێ یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش تووشبوونی دوو لە ئەندامانی اینەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و سەرەتا ناسنامەی تووشبووەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام دواتر دەرکەوت کە هەردووکیان یاریزانن و بریتی بوون لە ئانخێل کۆریای یاریزانی ئەرجەنتینی و ڤێرسالیکۆی کرواتی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە