ئینتەر میلان پێریشیچ دەفرۆشێت

رووداو - هەولێر

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان یانەی ئینتەر میلان و ئیڤان پێریشیچی یاریزانی یانەکە گەیشتووەتە لووتکە و یاریزانە کڕواتییەکە نزیکە لە بەجێهێشتنی یانەکەی.

رۆژنامەکانی ئیتاڵیا بڵاویکردووەتەوە، پێریشیچ هیچ شتێکی لەگەڵ ئینتەر میلان نەماوە و ئەو یاریزانە پەیوەندی لەگەڵ یانەکەی پچڕاوە و وێستگەی داهاتووشی خولی ئەڵمانیایە.

رۆژنامەکانی دەڵێن، پێریشیچ زۆر نزیکە لە پەیوەندیکردنی بە یانەی بایرن میونشن، لە چەند رۆژی کەمی داهاتووشدا بە فەرمی ئەو یاریزانە دەبێتە یاریزانی یانە باڤارییەکە.

جگە لە دەنگۆی ئەم هەواڵە، ناوەڕۆکی گرێبەستی ئیڤان لەگەڵ بایرن ئاشکرا کراوە و پێدەچێت گرێبەستەکە بە شێوەی خواستن بێت بۆ ماوەی ساڵێک و بە بڕێ 5 ملیۆن یۆرۆ، دواتریش بایرن بۆی هەیە ئەو یاریزانە بەشێوەی یەکجاری بکڕێتەوە بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ.