ناوبژیوانێکی فەرەنسی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 بەڕێوەدەبات

11-07-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرانسیس لێتێکسێر یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، فرانسیس لێتێکسێریی ناوبژیوانی فەرەنسی وەک ناوبژیوانی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024 دەستنیشانکرد، کە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا بەڕێوەدەچێت.
 
یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024، لە نێوان ئیسپانیا و ئینگلتەرا، کاژێر 22:00ـی ئێوارەی یەکشەممەی داهاتوو، لەسەر یاریگای ئۆڵیمپیی لە بەرلین بەڕێوەدەچێت.
 
ئیسپانیا لە قۆناخی 16 لە جۆرجیای بردەوە و لە قۆناخی چارەکی کۆتاییش تیپی میوانداری ئەڵمانیای دەرکرد و لە قۆناخی پێش کۆتاییدا رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورس بووەوە بەرامبەر فەرەنسا، بەڵام توانی بە ئەنجامی 2-1 لێیبباتەوە و فەرەنسا دووربخاتەوە.
 
بەهەمان ئەنجام، ئینگلتەرا بلیتی کۆتایی لە چنگ هۆڵەندا دەرهێنا، دوای ئەوەی گۆڵێکی کوشندە لەلایەن ئۆلی واتکینزوە لە دواخولەکدا تۆمارکرا.
 
پێش هۆڵەندا، ئینگلتەرا سویسرای لە قۆناخی چارەکی کۆتایی دەرکرد، پێش ئەوەش لە 16ـدا لە سلۆڤاکیای بردەوە.
 
یوفا لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناوبژیوانی فەرەنسی تەمەن 35 ساڵ، لە ساڵی 2017ـەوە ناوبژیوانی نێودەوڵەتییە، لە ژیانی وەرزشیدا تاوەکو ئێستا 65 یاریی فەرمی لە خول و پاڵەوانێتییەکانی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا بەڕێوەبردووە. لە پاڵەوانێتی یۆرۆی ئەمساڵیشدا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا 3 یاری بەڕێوەبردووە.
 
وەرزی رابردوو لێتێکسێر 10 یاریی لە رکابەرییەکانی یانەکانی ئەوروپا لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگدا بەڕێوەبردووە، هەروەها ناوبژیوانی چوارەم بوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2024 لە نێوان بۆرووسیا دۆرتموند و ریال مەدرید. هەروەها ناوبژیوانی جامی سوپەری ئەوروپای 2023 بوو، کە لەسەر یاریگای وێمبڵی لەنێوان مانچێستەر سیتی و سێڤییا بەڕێوەچوو.
 
لە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2024ـدا، هەردوو ناوبژیوانی فەرەنس سێریل موگنیەر و مێهدی رەحمۆنی یاریدەدەرانی فرانسیس لێتێکسێر دەبن، و سیمۆن مارچینیاکی پۆڵەندی وەک ناوبژیونای چوارەم بەشداری دەکات. جیرۆم بریساردی فەرەنسی رۆڵی ناوبژیوانی ڤیدیۆ (VAR)ـی پێسپێردرا، بە هاوکاری ویلی دێلگادی فەرەنسی و ماسیمیلیانۆ ئیراتیی ئیتاڵیا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە