یانەی شورتە ئەمساڵ وەرزێکی زێڕینی بەڕێکرد

11-07-2024
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی شورتە جامی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی شورتە لە وەرزی ئەمساڵدا توانی بە بردنەوەی هەردوو نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی عێراق وەرزێکی زێڕین بەڕێبکات و دڵی هاندەرانی خۆش بکات. 
 
سەوزپۆشانی بەغدا کە بە ژەنیارانی قیسارە بەنێوبانگن، لە دەستپێکی وەرزی ئەمساڵ بەپشتبەستن بەتواناکانی موئمن سلێمان، راهێنەری میسری لەگەڵ ژمارەیەک ئەستێرەی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق رکابەرییان لەسەر نازناوەکان راگەیاند و سەرکەوتوو بوون، شورتە بەر لە تەواوبوونی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دوو گەڕ بردنەوەی نازناوەکەی مسۆگەرکردووە. 
 
بردنەوەی نازناوی حەوتەمی خولی عێراق بۆ شورتە مۆڕاڵێکی گەورەی بەخشییە یاریزانانی، بەشێوەیەک شەوی رابردوو توانیان لەنێو یاریگەی شەعب لە شاری بەغدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەی جەوییە ببەنەوە و بۆ یەکەمجار ئاهەنگی بەرزکردنەوەی نازناوی جامی عێراق بگێڕن. 
 
عەلا بەحرلعلوم، سکرتێری یانەی وەرزشیی شورتە. ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە دڵخۆشین بەوەی بەردەوام تۆڕی میدیایی رووداو بایەخ بە هەواڵی یانەکەمان دەدات و سوپاستان دەکەین، پلانێکی ستراتیژمان دانابوو بەپێی ئەو پلانە مامەڵەمان کرد و گەیشتین بە ئامانجی خۆمان". 
 
یانەی شورتە وەک پاڵەوانی عێراق بلیتی بەشداریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای پێدراوە، یانەکە فۆڕمی بەشداریکردنی لە یارییەکانی وەرزی داهاتووی خولەکەی پڕکردووەتەوە. 
 
بەحرلعلوم زیاتر گوتی "ئێمە چاوممان لە دەسکەوتی زیاتر و رکابەرییە لە ئاسیا، بەڵام دەبێت زۆر زیاتر هەوڵبدەین و بتوانین خاڵی بەهێزمان زیاتر بکەین بۆ دڵخۆشکردنی هاندەرانمان". 
 
یانەی شورتە لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق خاوەن زۆرترین بردنەوە بوو کە 25 یاری توانی بەسەرکەوتنی خۆی تەواو بکات، لە 9 یاریش یەکسانبوو، کەمترین یاریش دۆڕا کە 3 یاری بوو. 
 
هێرشبەرانی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق توانیان زۆرترین رێژەی گۆڵ تۆمار بکەن کە 74 گۆڵ بوو، کە مەحموود مەواس هێرشبەری تیپەکە بە تەنیا 19 گۆڵی تۆمارکردووە. 
 
یانەی شورتە لە 1932 دامەزراوە، یانەیەکی مێژووی و جەماوەری شاری بەغدایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە