ڤیدیۆ؛ کۆڵۆمبیا گەیشتە کۆتایی کۆپا ئەمریکا و شەڕێکی گەورە روویدا

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و بەبردنەوە لە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا، یاریزانانی هەردوولا مەترسیان خستە سەر گۆڵی یەکدی و هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵیان دەدا، بەتایبەت لە ریزەکانی ئۆرۆگوای داروین نونێز چەندجارێک نزیکبوو لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەڵام سوودی لە هەلەکان وەرنەگرت.
 
لە خولەکی 39 بە ئاسیستی جەیمس رۆدریگێز، جێفێرسۆن لێرما بەلێدانی سەر گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا تۆمارکرد و زەردپۆشەکان پێشکەوتن.
 
لە خولەکی کۆتایی نیوەی یەکەمدا بەهۆی تووند یارییکردن و رەفتای دوور لە گیانی وەرزشی دانیێل مونۆز، یاریزانی کۆڵۆمبیا بەکارتی سوور لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا، ئۆرۆگوای زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، لویس سوارێز لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام ستوون رێگەی نەدا گۆڵ بکات.
 
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا، کۆڵۆمبیا دوو هەلی ئاسانی بۆ زیادکردنی ئەنجامەکە لە دەستدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و کۆڵۆمبیا گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێوان یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە روویدا.

 
لویس سوارێز بە تووڕەییەکی زۆرەوە دەردەکەوێت، دوای ئەوەی گرژییەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، یاریزانانی ئۆرۆگوای بەبێ هیوایی دەگەڕێنەوە و وڵاتەکەیان و کۆڵۆمبییەکانیش بەدڵخۆشییەوە خۆیان بۆ یاریی کۆتایی ئامادەدەکەن.
 
دوای ئەوە شەڕەکە لە یاریگەوە چووە نێو پەیژەکانی یاریگە، داروین نونێز، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای رووبەڕووی هاندەرانی کۆڵۆمبیا بووەوە.

 
خۆسێ ماریا خیمینێز، یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەڵێت "هاندەرانی کۆڵۆمبیا دەستیانپێکرد و ماڵباتەکانی ئێمەیان لە یاریگەدا هەراسانکردووە."
 
یاریزانەکە زیاتر قسەیکرد و گوتی "شەرمەزارییە، شەڕ روودەدات، ماڵباتەکانمان مەترسیان لەسەرە و پۆلیس ئامادەنییە، پێویستە ئێمە بچین و رووبەڕوویان ببینەوە."
 
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە کاژێر 03:00 هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکا دەکەن.