ڤیدیۆ؛ زاخۆ و تەڵەبە بە رێزگرتن لە قورئانی پیرۆز یارییەکەیان دەستپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی دۆڕانیان لە یاریی رابردوودا و بەدەستهێنانی سێ خاڵ، یانەی زاخۆ میوانداریی تەڵەبەی کرد.
 
یاریزانانی هەردوولا بە رێزگرتن لە قورئانی پیرۆز هاتنە نێو یاریگە و هەڵوێستی لە دژی سووتاندنی قورئان وەرگرت، دوای ئەوە رکابەرییەکە دەستیپێکرد.
 
زاخۆ بە چەند هێرشێک هەڕەشەی لە گۆڵی میوانەکەی کرد و تەڵەبەش ناوە ناوە خۆی لە گۆڵی خاوەن یاریگە نزیکدەکردەوە.
 
لە خولەکی 24 فەرحان شەکور، بەلێدانێکی سەر تۆڕی دلۆڤان مەهدیی هەژاند و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زاخۆ تۆمارکرد.
 
هەر لە نیوەی یەکەمدا زاخۆ هەلی ئەوەی هەبوو گۆڵی زیاتر بکات، بەڵام یاریزانەکانی سەرکەوتوو نەبوون و چەندین هەلی ئاسانیان لەدەستدا.
 
چەند خولەکێک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم، محەممەد جەواد ئەنجامەکەی بۆ تەڵەبە یەکسانکردەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر یاریی بۆ زاخۆ کردبوو، ئامادەنەبوو ئاهەنگ بگێڕێت.
 
لە خولەکی 65 فەرحان شەکور ویستی بەلێدانی سزا گۆڵی دووەم بکات، بەڵام ئەمجارە دلۆڤان مەهدی گوتی نەخێر و تۆپەکەی گەڕاندەوە.
 
هەردوو یانە چەند هێرشی دیکەیان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام یارییەکەی گۆڵی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی و یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
 
زاخۆ چواردەیەمی ریزبەندە و 41 خاڵی هەیە، تەڵەبە چوارەمە و خاوەنی 60 خاڵە.