ڤیدیۆ؛ گولەر و بێلینگهام بەرگەی یەکەم مەشقی ریال مەدریدیان نەگرت

رووداو دیجیتاڵ

 

هەردوو یاریزانی نوێی ریال مەدرید، ئاردا گولەری یاریزنای تورک و جود بێلینگهامی ئینگلیزی بەرگەی یەکەم مەشقی یانەی شاهانەیان نەگرت.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەر دەستی بە مەشقەکانی کردەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی نوێی لالیگا.
 
ئەوەی سەرنجەکانی راکێشا، پەیوەندیکردنی جود بێلینگهام و ئاردا گۆلار، دوو یاریزانە نوێیەکەی یانەکە بوون بە مەشقەکانی یانەی ریال مەدریدەوە، کە ئەم مێرکاتۆیە یانەی شاهانە گرێبەستی لەگەڵ کردوون و پێشبینی دەکرێت ببنە داهاتووی یانەکە.
 
ئەوەی زیاتریش جێگەی سەرنج بوو، ئەوەبوو کە هەردوو یاریزانەکە بەرگەی قورسی مەشقەکانیان نەگرت، ئاردا تووشی پێکان بوو، بێلینگهامیش زۆر ماندوو بوو.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی و یاریزانەکانی بەخێرهاتنی هەردوو یاریزانی گەنجیان کرد و ئەوانیش بە پەرۆشەوە دەستیان بە مەشقەکانیان کرد.
 
بێلینگهام لە یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانییەوە رووی لە تیپی ئیسپانییەکە کردووە، بەپێی گرێبەستێک کە بەهاکەی 130 ملیۆن یۆرۆ بوو.
 
بەهرەمەندە لاوەکەی تورکیاش، ئاردا گۆلەر کە تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، بەرامبەر بە 30 ملیۆن یۆرۆ و لە یانەی فێنارباخچەیە تورکییەوە چووەتە پایتەختی ئیسپانیا.