هیلال لە راگەیاندنی گرێبەستێکی سەرنجڕاکێش نزیکدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و هیلالی سعودی رکابەری لەسەر گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر سیتی دەکەن.
 
ناسر خلێفی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ خۆرخی مێندێز هەیە و دەیەوێت سیلڤا بباتە یانەکەی، گفتوگۆی نێوان هەردوولا بەردەوامن، بەڵام کارەکە هێندە ئاسان نییە، بەتایبەت کە یانەی هیلالی سعودی ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هیلال بە مانچێستەر سیتیی گوتووە ئامادەیە 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە پێشکێشبکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، لە چەند کاژێری رابردوودا گفتوگۆکانی نێوان هیلال و بەڕێوەبەری کارەکانی بێرناردۆ سیلڤا زۆر چڕکراونەتەوە و یانە سعودییەکە نزیکە لەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە و گرەوی بەدەستهێنانی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە پاریس سانجێرمان بباتەوە.
 
نزیکبوونەوەی بێرناردۆ سیلڤا، لە یانەی هیلالی سعودی لەکاتێکدایە، یاریزانەکە زیاتر لە جارێک ویستی خۆی بۆ یارییکردن بۆ بارسێلۆنا پێشانداوە، بەڵام یانە کەتەلۆنییەکە توانای دارایی خراپە و ناتوانێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.