ڤیدیۆ؛ بۆکا جۆنیۆرز گەیشتە پلەی 9ـی ریزبەندیی خولی ئەرجەنتین

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بۆکا جونیۆرز، لە گەڕی بیست و چوارەمی خولی تۆپی پێی ئەرجەنتیندا سەرکەتنی بەدەستهێنا و لەسەر یاریگەی بۆمبۆنێرا بە ئەنجامی 1-0 لە ئۆراکانی میوانی بردەوە.
 
هەردوو یانە هێرشەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد، تاوەکو لە خولەکی 20 ڤالێنتینۆ بارکۆی یاریزانی  بۆکا جونیۆرز، لەنێو هێڵی سزادا رێگری لێکرا و داوای لێدانی سزای کرد، بەڵام ناوبژیوان دوای گەڕانەوە بۆ ڤار ئامادە نەبوو لێدانی سزا هەژمار بکات.
 
لە نیوەی دووەمدا گوشارەکانی بۆکا جونیۆرز بەرهەمی خۆیان بەدەستهێنا و لەلایەن لویس ڤاسکێزەوە لە خولەکی پەنجا و شەشدا تاکە گۆڵی بۆکا و یارییەکە تۆمارکرا، دوای ئەوەی پاسێکی جوانی لە کریستیان مەدیناوە پێگەیشت.
 
ئۆراکان بە 10 یاریزان کۆتایی بە یارییەکە هێنا، دوای ئەوەی ناوبژیوان کارتی سووری بە رووی یاریزانەکەی، فێرناندۆ گۆدۆیدا بەرزکردەوە.
 
یارییەکە بە بردنەوەی بۆکا جونیۆرز بە ئەنجامی 1-0 کۆتایی هات، تیپەکەش بەهۆی ئەو سەرکەوتنەکەوە گەیشتە پلەی نۆیەمی ریزبەندیی خولەکە بە کۆکردنەوەی سی و پێنج خاڵ.
 
لە کاتێکدا ئۆراکان بە نۆزدە خاڵ لە بیست و چوار یارییدا، پلەی بیست و حەوتەمی لیستی خولەکەی گرتووە، کە لە بیست و هەشت تیپ پێکهاتووە.