ڤیدیۆ؛ سیتی گرووپ.. ئیمپراتۆریەتی نوێی تۆپی پێی جیهان

11-07-2022
ئیحسان تاهیر
سیتی گرووپ
سیتی گرووپ
نیشانەکردن سیتی گرووپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بە راگەیاندنی کڕینەوەی زۆرینەی پشکی یانەی پالێرمۆی ئیتاڵی بەرامبەر بە 13 ملیۆن یۆرۆ، گرووپی سیتی فوتبۆڵ، ژمارەی ئەو یانانەی خاوەندارێتییان دەکات کردە 13 یانە، بەوەش ئەو گرووپە وەک گەورەترین گرووپی وەرزشی لە جیهاندا مایەوە.
 
گرووپی سیتی کە لەلایەن شێخ مەنسوور بن زاید ئالنەهیان، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیماراتەوە سەرپەرشتیدەکرێت، خاوەندارێتی راستەوخۆی یانزە یانەی هەیە و لەگەڵ دوو یانەی دیکەشدا هاوبەشە. کڕینەوەی پالێرمۆ بەشێکی دیکەیە لە هەنگاوە سەرکەوتووەکانی گرووپەکە لە وەبەرهێنان و گەشەپێدانی وەرزشی لەسەرئاستی جیهان.
 
سەرەتای وەبەرهێنانی ئیماراتییەکان لە بواری وەرزش و تۆپی پێدا بۆ کڕینەوەی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەگەڕێتەوە. ساڵی 2008 کۆمەڵەی ئەبوزەبی بۆ وەبەرهێنان، خاوەندارێتی یانەکەی بەدەستهێنا و لەو کاتەوە سیتی هەنگاوەکانی بەرەو بەهێزبوون و گەورەبوون ناو و سیتی لە یانەیەکی قەرزاری داهاتوو نادیارەوە، بووە یانەیەکی بەهێز و رکابەر لەسەر سەرجەم نازناوەکان.
 
لە دوای دامەزراندنی سیتی گرووپ لە 2013ەوە گرووپەکە گەشەی بەرچاوی بە یانەکەدا و سنووری کارەکانی خۆی گەیاندە چەندین کیشوەری جیاوازی ئەوروپا. سەرەتای گەشەی سیتی بە فراوانکردنی یاریگەی ئیتیحاد دەستیپێکرد کە ئێستا توانای لەخۆگرتنی 55 هەزار کەسی هەیە و لەگەڵیدا ئەکادیمیای گەشەپێدانی یاریزانانیش کرایەوە.
 
هەر لەو ساڵەدا گرووپی سیتی فوتبۆڵ تایبەتمەندی بواری تۆپی پێی وەرگرت و چەندین ئەکادیمیا و لقی جیاوازی بازاڕگەری وەرزشیی کردەوە لەپێناو لەخۆگرتنی دیارترین بەهرەمەندەکانی جیهان. لە دوای سیتییەوە، بەدەستهێنانی خاوەندارێتی یانەی نیویۆرک سیتی ئەمریکی هەنگاوی دووەمی گرووپەکە بوو، پاشانیش یانەکانی ملبۆرن سیتی ئوسترالی، یۆکۆهاما مارینۆسی ژاپۆنی، مۆنتیڤیدیۆ سیتی ئۆرۆگوایی، خیرۆنای ئیسپانی، سیچوانی چینی، مۆمبای سیتی هیندی، لۆمیلی بەلجیکی، تروای فەرەنسی و بۆلیڤاری بۆلیڤی لە خۆ دەگرێت.
 
گرووپەکە کە گەورەبوونی بەرچاو لە بەهاکەی خۆیدا دەبینێت، لە رووی وەبەرهێنانەوە لە یاریزانانی لاودا هەنگاوی گەورەی ناوە، جیا لە چەندین ئەکادیمیای پێگەیاندنی یاریزانان و کۆمپانیای بازاڕگەری وەرزشیی و کارکردن بەپێی یەک سیستم و ئاڵۆگۆڕی زانیاری بۆ پەرەپێدانی توانای یاریزانانی لاو، گرووپەکە لە رێگەی داتابەیسێکی زەبەلاحەوە زانیاری وردی لەسەر نیو ملیۆن یاریزانی لاو لە سەرانسەری جیهاندا لەبەردەستدایە.
 
گرووپی سیتی فوتبۆڵ ئاراستە و فۆکەسی کارکردنی تەنیا لەسەر تۆپی پێی پیاوان نییە، بەڵکو گرووپەکە ژمارەیەکی بەرچاو تیپی تۆپی پێی ئافرەتانیش لە خۆ دەگرێت، کە بەهێزترینیان مانچێستەر سیتی خانمانە، لەگەڵ ملبۆرن سیتی خانمان کە لە خولی نێوخۆیی وڵاتەکەنیاندا ئاستی بەرز پێشکێشدەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە