راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هۆشداری دەداتە یاریزانەکانی

11-07-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گارێس ساوسگەیت هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گارێس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لەبارەی یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020 روونیکردەوە کە تیپەکەی کۆمەڵێک خاڵی بەهێزی هەیە و هەوڵدەدەن بەسەر ئیتاڵییەکاندا سەربکەون و ببنە پاڵەوانی ئەوروپا.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن، یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020 ئەنجام دەدەن.

گارێس ساوسگەیت، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لەبارەی ئەو یارییەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و سەرەتا داوایەکی لە هاندەرانی ئینگلیز کرد و گوتی "زۆر گرنگە هاندەرانی ئێمە رێز لە تیپەکانی دیکە بگرن، ئێمە کاتێک لە دەرەوەی یاریگەکانمان یاری دەکەین دەزانین کە فیکەلێدانی جەماوەر لە کاتی گوتنەوەی سروودی نیشتیمانی لەوانەیە هاندەرێک بێت بۆ ئێمە، بۆیە پێموانییە ئەمە لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەکەماندا بێت".

ئەو راهێنەرە هەروەها گوتی "دەتوانین لە کاتی یاریکردندا بە فیکەلێدان کار لە هەستی یاریزانانی ئیتاڵیا بکەین، بەڵام کارەکە لە کاتی سروودی نیشتیمانی جیاوازە، دەبێت رێز لە سروودی نیشتیمانی بگرین".

ساوسگەیت، هۆشداری دایە یاریزانەکانی لەبارەی بەهێزیی تیپی رکابەریان و گوتی "زۆر یاریزانی باش لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیادا هەن، پلانێکی باشیان هەیە و خاوەن راهێنەرێکی بە ئەزموونن و زنجیرەیەک ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئێمەش خاڵی بەهێزمان هەیە و هەوڵدەدەین بیانقۆزینەوە، ئێمە پێویستیمان بەوەیە لەم یارییەشدا سەرکەوتن بەدەستبێنین".

راهێنەری هەڵبژاردەی سێ شێرەکان، لە کۆتاییدا گوتیشی "لە مێشکی خۆتدا وێنەیەک لەسەر یاریی کۆتایی دادەنێی کە دەتەوێت چۆن بێت، بەڵام لە راستیدا دەبێت بایەخ بە ئاست و چالاکی خۆت بدەیت، کە بێگومان ئێمە هەمیشە ئەوەمان کردووە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە